حکومەتی هەرێم: زیاتر لە 65 تریلیۆن دینار بۆ خەرجییە سەروەرییەکانی عێراق لە پشکی هەرێم بڕاوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2025، زیاتر لە 65 تریلیۆن دینار لە پشکی هەرێم بۆ خەرجییە سەروەرییەکانی عێراق بڕاوە.

بەپێی راپۆرتەکە، لەو ماوەیەدا بەغدا 41 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکی لە بودجەی خەرجییە سەروەرییەکانەوە بۆ هەرێم نەناردووە.

راپۆرتەکە لە 7ی تشرینی دووەمی 2026 بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بڵاو کراوەتەوە.

فەرمانگەکە دەڵێت کۆی بودجەی عێراق لەو 12 ساڵەدا 1,767 تریلیۆن دینار بووە. بەپێی کۆی گشتیی راپۆرتەکە، پشکی هەرێم پێش لێبڕینەکان زیاتر لە 245 تریلیۆن دینار بووە و شایستەی سافیی هەرێم دوای لێبڕینەکان 146 تریلیۆن دینار بووە. لەو بڕەش 41 تریلیۆن دینار نێردراوە.

پارەی بەغدا بەشی مووچەی 46 مانگی کردووە

بەپێی راپۆرتەکە، لە کۆی 144 مانگدا پارەی نێردراو لە بەغدا بەشی دابینکردنی مووچەی 46 مانگی کردووە.

راپۆرتەکە دەڵێت لە ساڵانی 2016 و 2017 هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نەنێردراوە. لە ساڵی 2024دا 10 تریلیۆن دینار نێردراوە کە بەشی مووچەی 11 مانگی کردووە. لە ساڵی 2025یشدا 9.59 تریلیۆن دینار نێردراوە کە بەشی مووچەی 10 مانگی کردووە.

ناکۆکی لەسەر شێوازی لێبڕین و پشکی هەرێم

فەرمانگەکە دەڵێت، لە بودجەی سێ ‌ساڵەی 2023 تا 2025، بەغدا 18.1 تریلیۆن دیناری بۆ خەرجییە سەروەرییەکان لە پشکی هەرێم بڕیوە. بەپێی شێوازی ژماردنی حکومەتی هەرێم، دەبوو لێبڕینەکە 9.9 تریلیۆن دینار بێت. جیاوازیی نێوان هەردوو شێوازی ژماردنەکە 8.2 تریلیۆن دینارە.

فەرمانگەکە هەروەها دەڵێت، بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی 2024، دانیشتووانی هەرێم 14.14%ی دانیشتووانی عێراق پێک دەهێنن، لە کاتێکدا پشکی هەرێم لە رەشنووسی بودجەی 2027دا بە 12.70% دیاری کراوە.