فراکسیۆنی هەڵوێست داوای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر دەکات

فراکسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە لە بودجەی فریاکەوتنەوە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی هەولێر، بکاتەوە.

د. رێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنەکە، لە نووسراوی ژمارە 139 بە بەرواری 8ی تشرینی دووەمی 2026، ئاماژەی بە زیانی دەیان ماڵ و چوونەناوەوەی ئاوی باران بۆ ناو ماڵەکان کردووە. داوای تەرخانکردنی بڕێکی گونجاوی پارەی بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان کردووە.

عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، رایگەیاندووە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەمان رۆژ بەڵێنی بە فراکسیۆنەکە داوە بەدواداچوون بۆ داواکارییەکە بکات. هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانە کردووە کە بە وتەی ئەو لە زەوییەکانی هەولێر قازانجی گەورەیان کردووە، هاوکاریی خەڵکی لێقەوماو بکەن.

لافاوەکە شەوی شەممە، 7ی تشرینی دووەم، دوای بارانێکی بەهێز چەند گەڕەکێکی هەولێری گرتەوە، بە تایبەتی هەولێری نوێ و سیبەردان. دوو کەس، لەوانە منداڵێکی 5 ساڵان، گیانیان لەدەست دا. لافاوەکە زیانی بە ماڵ، ئۆتۆمبێل و دوکانەکانیش گەیاند و بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە دەوامی دامەزراوەکانی خوێندن رۆژی یەکشەممە لە هەولێر راگیرا.