دەستەی چاودێریی ئەتۆمیی عێراق ئەگەری کاریگەریی تیشک لەسەر عێراق بە دوور دەزانێت

دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشکیی عێراق دەڵێت، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە هەڵسەنگاندنی دەستەکە ئەگەری کاریگەریی تیشکی لەسەر عێراق کەمە.

ئەحمەد خەزیر کازم، وتەبێژی دەستەکە، لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی سەباح ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، دووریی ئەو دامەزراوانە لە سنووری عێراقی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵسەنگاندنەکە ناو برد.

بە وتەی کازم، وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر زیاتر لە 400 کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە. هەروەها شوێنی ئەتۆمیی کێوی کولەنگ لە نزیک نەتەنز زیاتر لە 700 کیلۆمەتر لە سنووری رۆژهەڵاتی عێراقەوە دوورە.

ئەحمەد خەزیر دەڵێت بە زیادبوونی دووری، کاریگەریی تۆزی پیسبوو بە ماددەی رادیۆئەکتیڤ کەم دەبێتەوە.

هەمان دەستە لە 24ی ئاداری 2026 رایگەیاندبوو کە لە کاتی توندبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکەدا، هیچ ئاستێکی نائاسایی لە تیشک لە ناو عێراق تۆمار نەکرابوو.