ناکۆکیی هەولێر و بەغدا پڕۆژەی بودجەی 2027ی عێراقی دواخستووە

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ناڕەزایی هەندێک پارێزگا لە پشکی خۆیان، دوو هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بۆ پەرلەمانن.

جەمال کۆچەر بە رۆژنامەی ئەلمەدای وتووە، هێشتا کاتێکی دیاریکراو بۆ رێککەوتن و ناردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان نییە. پێشنیاریشی کردووە ماوەیەکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دابنرێت و لایەنەکان تا گەیشتن بە رێککەوتن کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بێت.

بەپێی راپۆرتەکە، خشتەکانی بودجەی 2025 پەسەند نەکران و بۆ ساڵی 2026یش یاسای بودجە دەرنەچوو. بۆیە دەزگاکانی دەوڵەت بە شێوەی کاتی خەرج دەکەن و پارەکە بە سەرەکی بۆ مووچە و خەرجییە پێویستەکانی بەڕێوەبردن دەچێت.

جەمال کۆچەر دەڵێت بەردەوامبوونی ئەم دۆخە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە.

لە هەمان کاتدا، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە دانیشتنی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەی بودجەی 2027 تەرخان کراوە.