
شیکردنەوەیەکی بەراوردکاری لە نێوان ئەزموونە دیموکراتییەکان و واقیعی هەرێمی کوردستاندا
پەرلەمان لە سیستمێکی دیموکراسیدا رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پاراستنی سەروەریی خەڵک و چاودێرێکردنی دارایی گشتی، لە زانستی سیاسەت و ئابووریدا، بەهێزترین چەکی دارایی دەستی نوێنەرانی گەل بریتییە لە دەسەڵاتی پەسەندکردن و گۆرانکاری لە بودجە، ئەم دەسەڵاتە رێگە نادات دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێ رەزامەندیی پەرلەمان پارە خەرج بکات یان باج بەسەر هاووڵاتیاندا بسەپێنێت.
کاتێک لەم پێوەرە جیهانییانەوە سەیری واقیعی هەرێمی کوردستان دەکرێت، پێچەوانەبوونەوەیەکی ریشەیی لە پەیوەندیی نێوان دامەزراوە یاساییەکان و ئابووریدا دەبینرێت، لەبری ئەوەی پەرلەمان گفتوگۆی وردی هەموو داهات و خارجی هەرێم بکات و دواتریش چاودێرێکی کارا بێت بەسەر جێبەجێکردنی بەندەکانی بودجەوە، لە جیاتی ئەوەی رۆلێ هەبێت لە داڕستنی نەخشەی سیاسەتی ئابووری و دارایی وڵات، پەرلەمان کراو بە دامەزراوەیەکی قۆرخکراو و ئاراستەکراو حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەستیان بەسەر پەرلەماندا گرتووە، بازاڕیان قۆرخ کردووە و لە رێگەی کۆمپانیا سێبەرەکان ئابووریی وڵاتیان لە بەرژەوەندیی بازنەیەکی تەسکی سیاسی خستووەتە گەڕ.
یەکەم : رۆڵی پەرلەمان لە چالاکی ئابووری و بازاردا
لە ئەزموونە دیموکراتەکاندا، پەرلەمان چوارچێوەی یاسایی بۆ بازاڕی ئازاد دادەڕێژێت تا دڵنیابێتەوە هیچ کۆمپانیایەک یان کەرتێک کێبڕکێ لەناونابات، پەسەندکردنی ساڵانەی یاسای بودجە دەرفەت بە پەرلەمانتاران دەدات وردبینی و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو داهات و خەرجییەکانی دەوڵەت بکەن، دەزانرێت نەوت چۆن دەفرۆشرێت، داهاتی باج و گومرگ چەندە، ئەو پارەیە چۆن بەسەر کەرتی تەندروستی، پەروەردە و ژێرخاندا دابەش دەکرێت، لەم سیستمەدا، پەرلەمانتاران پارێزەری پارەی گشتین نەک فەرمانبەری دەسەڵات.
هاوکات لە رێگەی لیژنە پسپۆڕەکانی وەک دارایی و ئابووری و بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی، پەرلەمان لێپرسینەوەی بەردەوام لە وەزیر و سەرۆک وەزیران دەکات، ئەگەر بەڵگەی بەفیڕۆدان یان گەندەڵی لە دۆسیەیەکی وەبەرهێناندا ئاشکرا بێت، پەرلەمان توانای ئەوەی هەیە متمانە لە وەزیر بسەنێتەوە و دۆسیەکە بداتە دادگا، ئەم چاودێرییە توندە وادەکات دەسەڵاتداران بەردەوام لە ژێر ترسی لێپرسینەوەدا کار بکەن.
جگە لە چاودێریی حکومەت، پەرلەمان یاسای توندی دژە قۆرخکاری دەردەکات تا رێگە بگرێت لە کۆنترۆڵکردنی بوارە هەستیارەکانی وەک دەرمان، خۆراک و وزە لەلایەن بازرگانە گەورەکانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی مافی بەکاربەر لە گرانبوونی ناعەدالانەی نرخەکان و دابینکردنی هەلی کاری یەکسان بۆ سەرمایەگوزارانی بچووک و مامناوەند.
دووەم: واقیعی پەرلەمانی کوردستان، دەستبەسەرداگرتن و پەراوێزخستن
لە هەرێمی کوردستاندا، پەیوەندیی نێوان حیزب و پەرلەمان بە شێوەیەکی بنەڕەتی شێوێنراوە، پەرلەمان نەک نەیتوانیوە چاودێریی ئابووری بکات، بەڵکو خودی پەرلەمان کراوەتە قوربانیی بڕیارە سیاسییە باڵاکان، ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنە دەسەڵاتدارەکاندا لەبری ئەوەی نوێنەرایەتیی هاووڵاتیان بکەن، راستەوخۆ فەرمان لە مەکتەبی سیاسی و ژوورە داخراوەکانی حیزبەوە وەردەگرن، ئەمەش وای کردووە کە پەرلەمان توانای لێپرسینەوەی لە هیچ بەرپرسێکی دارایی نەمێنێت کە سەر بە باڵە دەستڕۆیشتووەکان بێت.
گەورەترین بەڵگە لەسەر لەکارخستنی رۆڵی ئابووریی پەرلەمان، نەبوونی یاسای بودجەیە لە ساڵی 2013 وە . بۆ ماوەی زیاتر لە سیانزە ساڵ، حکومەتی هەرێم بەبێ هیچ یاسایەکی بودجە سەدان ملیار دۆلار داهاتی نەوتی و نانەوتی خەرج کردووە و بە ئارەزووی خۆی باج و رسوماتی لەسەر هاووڵاتیان زیاد کردووە، بێ ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری ژمارە و خشتە راستەقینەکان بێت یان مافی دەستکاری هەبێت.
ئەم بێدەنگکردنە وای کردووە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە چاودێریی گشتی و پەرلەمانی رزگاری بێت، تەنانەت کاتێک پەرلەمانتارانی دڵسۆز و فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەوڵی جووڵاندنی دۆسیەکانی گەندەڵی، کۆمپانیاکانی سوتەمەنی یان گومرگیان داوە، دەستەی سەرۆکایەتی و زۆرینەی حیزبی رێگرییان لە خستنەڕووی ئەو بابەتانە لە دانیشتنە فەرمییەکاندا کردووە، ئەمەش بێمتمانەییەکی قووڵی لای هاووڵاتیان بەرانبەر توانای چاکسازیی پەرلەمان دروست کردووە.
قۆرخکاریی ئابووری لە رێگەی کۆمپانیاکانی حیزبەوە
لە هەرێمی کوردستاندا، چەمکی کەرتی تایبەت بەتەواوی مانا راستەقینەکەی خۆی لەدەستداوە و لە جێگەی ئەوە مۆدێلێکی سەرمایەداریی حیزبی دروست بووە، حیزبە باڵادەستەکان خاوەنی کۆمپانیای گەورەن لە تەواوی کەرتە ژیانی و قازانجویستەکاندا، لە نەوت و گاز و پاڵاوگەکانەوە تا دەگاتە هاوردەکردنی دەرمان، کەرەستەی خۆراکی، جگەرە، ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانیی ئۆتۆمبێل.
ئەم کۆمپانیا حیزبییانە لە رێگەی بەکارهێنانی هەژموونی سەربازی و سیاسییەوە، رێگە نادەن هیچ کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە لە بازاڕدا دروست ببێت، هەر بازرگانێکی سەربەخۆ یان کۆمپانیایەکی بیانی کە بیەوێت وەبەرهێنان لە بوارێکی دیاریکراودا بکات، ناچار دەکرێت یان پشک بدات بە سەرکردە و کۆمپانیا حیزبییەکان، یان لە رێگەی دانانی کۆسپ و گرانیی باجەوە لە بازاڕ دەردەکرێت و ئیفلاسی پێ دەهێنرێت.
دەرئەنجامی ئەم قۆرخکارییە بۆ سەر هاووڵاتیان زۆر وێرانکەر بووە، نەبوونی کێبڕکێی پاک بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و دابەزینی کوالیتیی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، سەرمایەی هەرێم لەبری ئەوەی لە پرۆژەی بەرهەمهێنی پیشەسازی و کشتوکاڵیدا بەگەڕ بخرێت تا هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت، لە کەرتی هاوردەکردن و بازرگانیی سێبەردا لەنێوان گرووپە دەستڕۆیشتووەکاندا دەستاودەست دەکات و بەشێکی زۆریشی بۆ دەرەوەی وڵات دەبردرێت.
دۆسیەی گومرگ و داهێنانێک بە ناوی تەنسیق
لە هەموو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریدا، دەروازە سنوورییەکان و سیستمی گومرگ دوو ئەرکی سەرەکییان هەیە: دابینکردنی داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و بەرهەمی ناوخۆ لە رێگەی پشکنینەوە. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، دەروازە سنوورییەکان بەسەر ناوچەی نفوزی حیزبیدا دابەشکراون و بوونەتە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی تایبەت بۆ حیزبە بالادەستەکان، لەمەشدا میکانیزمێکی نوێ گیراوەتە بەر کە ناوی نراوە تەنسیق، ناوەڕۆکی ئەمە بریتییە لە دروستکردنی رێڕەوی گواستنەوەی کاڵا بە شیوەیەکی نایاسایی داهاتەکەی دەچێتە دارایی حیزبی دەسەڵاتدارەوە نەک وەزارەتی دارایی.
میکانیزمی تەنسیق بریتییە لە رێگەپێدانی تێپەڕبوونی کاروانە بازرگانییەکان بەبێ پشکنینی کوالیتی و بەبێ پێدانی باج و گومرگی فەرمی بە خەزێنەی حکومەت. لەم پرۆسەیەدا، کۆمپانیا و بازرگانە سەر بە حیزبەکان لە بەرانبەر پێدانی بڕە پارەیەکی دیاریکراو بە نووسینگە و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی حزب، بە نووسراو یان پەیوەندییەکی ئەمنی بارەکانیان بەناو گومرگدا رەت دەکەن بەبێ ئەوەی یەک دینار بچێتە حسابی دارایی دەوڵەتەوە.
زیانەکانی نا چالاککردنی رۆڵی ئابوریانەی پەرلەمان
-لەدەستچوونی داهاتی گشتی: مانگانە بە دەیان ملیۆن دۆلار کە دەبوو بۆ مووچەی مووچەخۆران و خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە و رێگاوبان خەرج بکرێت، راستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی تایبەتی حیزب و سەرکردەکان.
-کوشتنی بەرهەمی ناوخۆ و کشتوکاڵ: کاتێک هێلکە، مریشک، سەوزە، میوە و کەرەستەی پیشەسازیی هاوردەکراو بەبێ گومرگ و بە قاچاخ دێنە ناوەوە، بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە بازاڕدا دەفرۆشرێن، ئەمەش وای کردووە بەرهەمهێنەر و جووتیارانی ناوخۆ بەرگەی کێبڕکێکە نەگرن و کارگەکانیان دابخەن.
-مەترسی لەسەر ژیان و تەندروستی: بەهۆی ئەوەی ئەم کاڵایانە پشکنینی کۆنتڕۆڵی جۆرییان بۆ ناکرێت، بەردەوام دەرمانی ساختە، خۆراکی ماوەبەسەرچوو و کەلوپەلی ناتەندروست دەهێنرێنە بازاڕەوە کە زیانی راستەوخۆیان بە تەندروستیی گشتی گەیاندووە.
-هەڵسەنگاندنی بەراوردکاری: مۆدێلی دیموکراتی بەرانبەر دۆخی هەرێمی کوردستان