
کیشوەرە فەرامۆشکراوەکە دەبێتە چەقی ململانێی جیهان
ئەفریقا چیتر بینەرێکی بێدەنگی کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو پێگەی جیۆپۆلەتیکی و یەدەگە دەوڵەمەندەکەی وای لێکردووە ببێتە یاریزانێکی چارەنووسساز لە نەخشەی نوێی جیهاندا. بەڵام گرەوی گەورە لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەم دەرفەتە زێڕینە کیشوەرەکە لە وابەستەیی مێژوویی و قەیرانەکان رزگار دەکات، یان مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و ئەفریقا جارێکی دیکە دەبێتەوە بە قوربانی چاوچنۆکیی زلهێزەکان؟
وەڵامی ئەم پرسیارە، تەنها داهاتووی ئەفریقا دیاری ناکات، بەڵکو هاوسەنگیی تەواوی ئابووری و سیاسیی جیهانی سەدەی بیست و یەکەم دادەڕێژێتەوە.
وڵاتانى زلهێز و ناوچەیی لەم ساڵانەی دواییدا لە رێگەى لێشاوی پرۆژە و دروستکردنى پردی پەیوەندیی دبلۆماسییەوە روویانکردووەتە کیشوەری ئەفریقا، کە هەندێک جار بە (پێشبڕکێی نوێ بۆ ئەفریقا) ناودەبرێت، شارەزایان پێیان وایە ئەم دیاردەیە چەندین هۆکاری ستراتیژی، ئابووری، و جیۆپۆلەتیکیی هەیە:
یەکەم: سامانە سروشتی و کانزاییە دەگمەنەکان
ئەفریقا خاوەنی یەدەگێکی زەبەلاحی ئەو کانزا و ماددە خاوانەیە کە بۆ پیشەسازیی مۆدێرن و گواستنەوەی وزە لەوانەش:
کانزاکانی تەکنەلۆژیا و وزەی نوێبووەوە:
وڵاتانی وەک کۆنگۆی دیموکرات زیاتر لە %70ی کۆباڵتی جیهان بەرهەم دەهێنن کە مادەیەکی گرنگی موگناتیسییە، هاوکات یەدەگی گەورەی لیسیۆم، مس، گرافایت و نیکل لە چەندین وڵاتی ئەفریقیداهەیە کە بۆ دروستکردنی پاتریی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، مۆبایل و تەکنەلۆژیای زیرەک زەروورن.
کانزا گرانبەهاکان و نەوت:
زێڕ، ئەڵماس، پلاتین، لەگەڵ یەدەگی نەوت و گازی سروشتی لە وڵاتانی وەک نەیجیریا، ئەنگۆلا، مۆزەمبیق و سەنیگال، بە رێژەیەکی زۆر و لەبەرچاو هەیە.
دووەم: پێگەی دیمۆگرافی و بازاڕی بەکاربردنى ئەفریقیا:
گەنجترین کیشوەر:
زیاتر لە 60%ـی دانیشتووانی ئەفریقیا تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە، لە کاتێکدا کیشوەرەکانی وەک ئەوروپا و بەشێک لە ئاسیا بەرەو پیربوون دەچن، ئەفریقیا دەبێتە گەورەترین هێزی کاری گەنج لە جیهاندا.
بازاڕێکی گەورەی بەکاربەر:
بەپێی پێشبینییەکان، تا ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووانی ئەفریقا دەگاتە نزیکەی 2.5 ملیار کەس، ئەمەش دەیکاتە گەورەترین بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەل، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، خزمەتگوزارییە بانکی و دیجیتاڵییەکان.
سێیەم: کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی و هاوسەنگیی هێز:
کیشوەرەکە بووەتە مەیدانی رکابەریی نێوان جەمسەرە جیاوازەکان بەم شێوەیە:
چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئەفریقایە لە رێگەی دەستپێشخەریی (پشتێنە و رێگا، وەبەرهێنانی زەبەلاح لە ژێرخان، رێگاوبان، هێڵی شەمەندەفەر، بەندەرەکان و بەنداوەکان) دەکات لە بەرامبەر دەستگەیشتن بە سەرچاوە سروشتییەکان.
رووسیا:
سەرنجی خستووەتە سەر هاوکارییە سەربازییەکان، هەناردەکردنی چەک، ئاسایشی کێڵگە کانزاییەکان (لە رێگەی گرووپە سەربازییە تایبەتەکانی وەک پێکهاتەکانی سەر بە ڤاگنەر و کۆرپسی ئەفریقا)، بەتایبەت لە ناوچەی کەمەربەندی (مالی، بورکینافاسۆ، نەیجەر)ـەوە .
ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا:
هەوڵ دەدەن هەژموونی مێژوویی خۆیان بپارێزن و سنوورێک بۆ فراوانبوونی چین و رووسیا دابنێن، هاوکات دەیانەوێت زنجیرەی دابینکردنی کانزا هەستیارەکان لە دەست چین دەربهێنن (وەک پڕۆژەی رێڕەوی لۆبیتۆ).
هێزە هەرێمییەکان (تورکیا، ئیمارات، سعودیە، ئێران):
تورکیا لە بواری پیشەسازیی بەرگریی، فڕۆکەوانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و وڵاتانی کەنداو لە کڕینی زەویی کشتوکاڵی، بەندەرەکان و ژێرخانی وزە وەبەرهێنانی بەرفراوان دەکەن.
چوار: ئاسایشی خۆراک و زەویی بەپیتى ئەفریقا
ئەفریقیا نزیکەی 60%ـی زەویی کشتوکاڵیی نەچێنراوی جیهانی لەخۆگرتووە. لە کاتی قەیرانەکانی کەشوهەوا و جەنگەکاندا کە ئاسایشی خۆراک دەکەوێتە مەترسییەوە، وڵاتان روو لە کڕین یان بەکرێگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەفریقیا دەکەن بۆ دابینکردنی دانەوێڵە و بەروبووم.
پێنجەم: هێزی دەنگدان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا
وڵاتانی ئەفریقیا 54 دەنگیان لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە (نزیکەی لەسەدا 28ی کۆی دەنگەکان). هەر زلهێزێک بیەوێت بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بە دڵی خۆی ئاراستە بکات یان رێگری لە سزادانی بکات، پێویستی بە هاوپەیمانی و دەنگی وڵاتانی ئەفریقیایە.
لە کۆتاییدا:
ئێستا ئەفریقا لە پەراوێزەوە هاتووەتە چەقی بڕیار و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان. راکردنی زلهێزەکان بۆ ئەم کیشوەرە نیشانەیەکی روونە کە ئایندەی تەکنەلۆژیا، ئاسایشی وزە و خۆراکی جیهان لە خاکی ئەفریقیادا یەکلا دەبێتەوە، پرسیارە یەکلاکەرەوەکەش ئەوەیە: ئایا ئەمجارە ئەفریقیا دەبێتە براوەی ئەم ململانێیە، یان جارێکی تریش تەنها مەیدانی تاڵانکردنی سامانەکانی بۆ دەمێنێتەوە؟