
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ دووشەممە دەستگیرکردنی 94 تۆمەتباری بە قاچاخچێتیی بەرهەمە نەوتییەکان و دەستبەسەرداگرتنی 89 تەنکەری لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا راگەیاند.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتەکە، لیوا میقداد میری، لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە و پێکهاتەکانی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ماوەی نێوان یەکی تشرینی یەکەم تا یەکی تشرینی دووەمی 2026 توانیویانە 94 تۆمەتبار بە قاچاخچێتیی بەرهەمە نەوتییەکان لە سەرتاسەری پارێزگاکانی وڵات دەستگیر بکەن.”
وتیشی کە “دەست بەسەر 89 تەنکەر و ئۆتۆمبێلی جیاوازدا گیراوە کە بۆ کاری قاچاخچێتی ئامادە کرابوون، لە سەرجەم پارێزگاکان جگە لە هەرێمی کوردستان.”
میری ئاماژەی بەوەش کرد کە “هەوڵە مەیدانییەکان بوونەتە هۆی هەڵکوتانە سەر هەشت حەشارگەی قاچاخچییەکان لە پارێزگاکانی کەربەلا، سەڵاحەدین و زیقار، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمی نەوتی بە قەبارەی زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر کە پێچەوانەی رێنماییەکان بووە لە ماوەی مانگی رابردوودا.”