
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەسەند کرد بۆ لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، مەرجی سوودوەرگرتن لەم لێخۆشبوونە ئەوەیە خاوەنکاران لە ماوەی 90 رۆژی کاردا تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی بەشدارییەکانیان بدەنەوە بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە لە ئامانجی بڕیارەکە ئاسانکارییە بۆ خاوەنکاران و هاندانیانە بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکان. داهاتی سندوقەکەش بۆ خزمەتکردنی کرێکاران، پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاردێت.
ئەنجومەنی وەزیران ئەم پێشنیارەی لە کۆبوونەوەی 14ی تشرینی یەکەمی 2026 پەسەند کرد.