
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاندووە ساڵی خوێندنی 2025–2026 بۆ هەموو قۆناغە خوێندنییە ئەکادیمی و پیشەییەکان و پەیمانگاکانی هونەر، بە ساڵی نەکەوتوو هەژمار دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەت کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان ئەم بڕیارەی بە پشتبەستن بە پەسەندکردنی دەستەی رای وەزارەت راگەیاندووە.
مەبەست لەم بڕیارە ئەوەیە ساڵەکە لە ژمارەی ساڵەکانی کەوتنی قوتابی هەژمار نەکرێت، بەڵام ئەمە بە مانای سەرکەوتنی خۆکاری یان گواستنەوەی هەموو قوتابییەکان بۆ پۆلی دواتر نییە. سەرکەوتن و بەردەوامبوون لە خوێندن هەر بە ئەنجامی تاقیکردنەوە و رێنماییە پەیوەندیدارەکان بەستراوەتەوە.
پێشتر، لە 22ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی رای وەزارەتی پەروەردە لە کۆبوونەوەیەکی ئەلیکترۆنیدا بڕیاری دابوو ساڵی 2025–2026 بۆ هەموو قۆناغەکان بە ساڵی نەکەوتوو هەژمار بکرێت.
لە هەمان کۆبوونەوەدا، دەستەکە پێشنیاری ئەنجامدانی خولی سێیەمی تاقیکردنەوەی بۆ قوتابیانی شەشەمی سەرەتایی، سێیەمی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیی بە هەموو لقەکانیەوە پەسەند کردبوو، بۆ ئەوانەی لە هەر ژمارەیەک وانەدا کەوتبوون. لەو کاتەدا، پێشنیاری خولی سێیەم بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کرابوو.
