پەیوەندیی نێوان ئێران و ئیخوان موسلیمین

مەدەنی قەسری، نووسەر و وەرگێڕی جەزائیری

رەنگە لە رووکەشدا وا دەربکەوێت کە ناکۆکییە مەزهەبییە مێژووییەکان پیاوانی ئایینیی شیعە لە ئێران و بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمینی سوننە لە یەکتر جیا دەکەنەوە، بەڵام لە راستیدا چەندین خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردوو هێزەکەدا هەیە. ئەمە تەنیا هاوپەیمانێتییەکی تاکتیکی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی ئایدیۆلۆژی و مێژوویی پتەوە لەسەر ئاستی کەسی و سیاسی.

رۆڵی نەواب سەفەوی لە گرێدانی شیعە بە ئیخوانەوە

موجتەبا میرلەوحی، ناسراو بە نەواب سەفەوی (1924–1956)، لە ساڵی 1946دا کۆمەڵەی “فیداییانی ئیسلام”ی دامەزراند، کە یەکەمین گرووپی توندڕەوی ئیسلامی بوو لە ئێرانی نوێدا. سەفەوی پیاوێکی ئایینیی شیعە بوو و داوای وەلاوەنانی ناکۆکییە مەزهەبییەکانی نێوان موسڵمانانی دەکرد. ناوبراو رۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئیسلامییە شیعەکان و بزووتنەوە ئیسلامییەکانی وڵاتانی تردا گێڕا.

سەفەوی لە 18ی کانوونی دووەمی 1956دا، بەهۆی دژایەتیکردنی محەمەد رەزا پەهلەوی، شای ئێران، لەسێدارە درا. پێش ئەوە دیداری لەگەڵ شای ئێران، ئەدیب شیشەکلی، سەرۆکی سووریا، یاسر عەرەفات لە قۆناغی خوێندنیدا لە قاهیرە، و سەید قوتب کردبوو. هەروەها سەردانی قودسی کردبوو بۆ دژایەتیکردنی کۆچی جوولەکەکان، و لە قاهیرەش وتاری بەجۆشی پێشکەش کردبوو و داوای دەرکردنی ئینگلیز و بەنیشتمانیکردنی نۆکەندی سوێسی دەکرد. لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ میسر، لەلایەن ئیخوان موسلیمینەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و یاوەرییان کرد بۆ سەردانی مەزاری ئەهلی بەیت. لە وتارێکیشدا لە زانکۆیەکی قاهیرە، رەخنەی لە جەمال عەبدولناسر گرت بەهۆی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئیخوان.

کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای سەید قوتب لەسەر شۆڕشی ئێران

لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە، سێ خاڵی هاوبەشی سەرەکی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیخوان موسلیمیندا هەیە:

  1. دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی، کە تێیدا شەریعەت وەک سیستەمێکی گشتگیر بۆ فەرمانڕەوایی دەسەڵاتدار بێت.
  2. هەوڵدان بۆ یەکخستنی ئوممەتی ئیسلامی و جێگرتنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی.
  3. دژایەتییەکی توند بەرامبەر بە رۆژئاوا، بە پاڵپشتیی تیۆرییەکانی پیلانگێڕی.

لە ساڵی 1954دا، سەفەوی چاوی بە سەید قوتب، تیۆریستی باڵای ئیخوان، کەوت. هەردووکیان باوەڕیان بە چەمکەکانی حاکمییەت، جاهیلییەت، جیهاد و پێویستیی نەهێشتنی کەلێنی شیعە و سوننە هەبوو، بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش دژی رۆژئاواییبوونی جیهانی ئیسلامی. هەرچەندە سەفەوی لە 1956 و قوتب لە 1966دا لەسێدارە دران، بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە هزرییە بەردەوام بوو و کەوتە نێو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی ئێران بە رابەرایەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی لە حەفتاکاندا.

خامەنەیی و وەرگێڕانی بەرهەمەکانی سەید قوتب

عەلی خامەنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای دیدارەکانی لەگەڵ سەفەوی، کاریگەر بوو بە بیرۆکەکانی سەید قوتب. پێش شۆڕش، دوو پەڕتووکی سەید قوتبی وەرگێڕابووە سەر زمانی فارسی و بەردەوام ستایشی دیدگای قوتبی دەکرد بۆ ئیسلام وەک “سیستەمێکی شۆڕشگێڕانەی حوکمڕانی”. تەنانەت دوای شۆڕشیش، پوولی پۆستە بە وێنەی سەید قوتبەوە لە ئێران چاپ کرا.

تێکەڵبوونی چەمکە مارکسییەکان و پشتیوانیی سەرەتایی

نوێنەرانی لقە جیاوازەکانی ئیخوان لە پاریس سەردانی خومەینییان کرد، بۆ پیرۆزبایی گەڕانەوەی بۆ ئێران. کەسایەتییەکانی دەوروبەری خومەینی، وەک ئیبراهیم یەزدی، پەیوەندیی درێژخایەنیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیخوان هەبوو. عەلی شەریعەتیش رۆڵێکی سەرەکیی لە تێکەڵکردنی چەمکە مارکسییەکان لەگەڵ بیروباوەڕی ئایینیدا گێڕا.

لە کانوونی دووەمی 1982دا، عومەر تلمسانی، رابەری گشتیی ئیخوان موسلیمین لە میسر، رایگەیاند: “ئێمە لە رووی سیاسییەوە پشتمان بە خومەینی بەست، چونکە گەلێکی ستەملێکراو توانی لە دەسەڵاتدارێکی ستەمکار رزگاری ببێت و ئازادیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.”

تاران پێشوازیی لە کەسایەتییە مێژووییەکانی ئیخوانیش دەکرد. بۆ نموونە، خالید ئیسلامبۆلی (ئەو ئەندامەی ئیخوان کە ئەنوەر سادات، سەرۆکی میسری کوشت) وەک قارەمان ناسێنرا و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە شەقامێک لە تاران بە ناوی ئەوەوە بوو. سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێرانیش بۆ ئیخوانەکان وەک ئیلهامێک بوو، کە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە وڵاتانی وەک میسریش دەکرێت بێتە دی.

هۆکارەکانی ساردبوونەوە و دوورکەوتنەوە

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، بزووتنەوەی ئیخوان بە شێوەیەکی رواڵەتی رێڕەوی خۆی لە رژێمی تاران جیا کردەوە.

تێگەیشتن لە پێویستیی سازان لەگەڵ رۆژئاوا

ئیخوان درکی بەوە کرد کە بەبێ رەزامەندیی رۆژئاوا، دەسەڵاتی بۆ ناپارێزرێت. ئەزموونی جەزائیر لە 1992 و کەرتی غەززە لە 2006دا، دوای بردنەوەی حەماس، سەلماندی کە توندڕەوی دەبێتە هۆی گەمارۆدان. بۆیە ئیخوان رووی لە بەکارهێنانی دەستەواژەکانی دیموکراسی و چاکسازی کرد، ئەمەش پێچەوانەی دژایەتییە توندەکەی ئێران بوو بەرامبەر بە رۆژئاوا.

فاکتەری جیۆپۆلیتیکی و پرسی سووریا

لە سەرەتای هەشتاکاندا، ئیخوانی سووریا دژی رژێمی حافز ئەسەد وەستایەوە و لەلایەن سەدام حوسێنەوە پشتیوانی لێ کرا، لە کاتێکدا ئێران لە شەڕدا بوو لەگەڵ عێراق و پاڵپشتیی ئەسەدی دەکرد، کە بووە هۆی “کۆمەڵکوژیی حەما” لە 1982دا. خولی دووەمی گرژییەکان دوای ساڵی 2011 و سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا دژی بەشار ئەسەد رووی دا، کە تێیدا ئێران راستەوخۆ بە هێزی سەربازی پارێزگاریی لە ئەسەد کرد. ئەمەش زیانێکی قەرەبوونەکراوەی بە پەیوەندییەکانی ئیخوان و ئێران گەیاند.

قۆناغی دوای “بەهاری عەرەبی” و پەیوەندییەکانی ئێستا

توونس و میسر

حیزبی نەهزە لە توونس دوای 2014 رووی لە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عەلمانییەکان کرد، بۆ ئەوەی دووچاری چارەنووسی ئیخوانی میسر نەبێت، کە لە 2013دا بە دەستپێشخەریی سوپا لە دەسەڵات لادران. لەو ساڵەی محەمەد مورسی لە دەسەڵاتدا بوو، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران باشتر کرد و لە 2012دا سەردانی تارانی کرد، بەڵام بە لەناوچوونی دەسەڵاتی ئیخوان لە میسر، ئەو نزیکبوونەوەیە سستیی تێکەوت.

حەماس وەک گرنگترین پەیوەندی

لە ئێستادا، بەهێزترین پردی پەیوەندیی نێوان ئێران و باڵەکانی ئیخوان بزووتنەوەی حەماسە لە فەلەستین، شانبەشانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی. تاران هێشتا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە رووخانی حوکمی ئیخوان لە میسر دەردەبڕێت، و دوور نییە لە داهاتووشدا هەوڵ بدات، هاوشێوەی مۆدێلی “حیزبوڵڵا”، پەیوەندییەکانی لەگەڵ باڵە چەکدار و جیاوازەکانی تری سەر بە ئیخوان پەرە پێ بدات.