بەهای لیرەی تورکی پاشەکشەیەکی گەورەی تۆمار کرد

لە مامەڵە داراییەکانی ئەمڕۆدا، بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی پاشەکشەیەکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد و گەیشتە نزیکەی 49.69 لیرە بۆ هەر دۆلارێک، بەمەش دراوە ناوخۆییەکەی تورکیا نزیکبووەتەوە لە شکاندنی بەربەستی دەروونیی 50 لیرە، ئەمەش وایکردووە نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی یەکسان بێت بە نزیکەی 4,969 لیرە.

ئەم دابەزینە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ بڕیارەکەی ئەم دواییەی بانکی ناوەندیی تورکیا بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی سەرەکی بە بڕی 100 خاڵی بنەڕەتی، بە جۆرێک لە 37٪ـەوە بۆ 36٪ دابەزێنرا، دوای ئەوەی لە پێنج کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەکدا بە جێگیری هێشتبوویەوە.

ئابووریناسان پێشبینی دەکەن لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمیشدا بڕی 100 خاڵی دیکە کەم بکرێتەوە و رێژەی سوود لە کۆتایی ساڵدا بگاتە 35٪.

دەستپێکردنەوەی هەنگاوەکانی دابەزاندنی رێژەی سوود (لە 37٪ بۆ 36٪) لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵبەز و دابەزی رێژەی سوودی راستەقینە دروست کردووە و دەرگای بۆ پاشەکشەی زیاتری دراوەکە کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیا و وەبەرهێنەران بۆ خۆپاراستن لە هەڵاوسان و پاراستنی سەرمایەکانیان، خواستێکی بەردەوامیان لەسەر کڕینی دراوی بیانی دروست کردووە بە تایبەت دۆلار، ئەمەش فرۆشتنێکی بە کۆمەڵی لیرەی هێناوەتە ئاراوە و بەهاکەی زیاتر رووی لە دابەزین کردوە.

لێکەوتەی ئەم داڕمانە مێژووییە تەنیا لە بازاڕەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ قەتیس نامێنێت، لە کاتێکدا تێچووی هاوردەکردن بۆ تورکیا بەرز دەکاتەوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش کاریگەریی بەرچاوی لەسەر هاوسەنگیی بازرگانی، تێچووی گواستنەوە و نرخی کۆتایی ئەو خۆراک و کەرەستە پیشەسازییانە دەبێت کە رۆژانە لە تورکیاوە هاوردەی بازاڕەکانی هەرێم دەکرێن.