خوێندکاران و دایک‌ و باوکانی رۆژئاڤا دژی سنووردارکردنی خوێندن بە کوردی رادەوەستن

خوێندکاران و خێزانەکانیان لە ناوچەی عەلیان، لە دەوروبەری چل ئاخای ناوچەی جەزیرە، رەخنەیان لە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی سووریا گرتووە، بڕیارێک کە وانەی زمانی کوردی بە سێ وانە لە هەفتەیەکدا سنووردار دەکات. ئەوان داوا دەکەن وەزارەت لە بڕیارەکە پاشگەز ببێتەوە و مافی خوێندنی تەواو بە زمانی دایک بپارێزێت.

خوێندکاران دەڵێن زمانی کوردی بەشێکی سەرەکیی ناسنامەیانە و سێ وانە لە هەفتەدا بۆ فێربوونی زمانی کوردی بەس نییە، بە تایبەتی بۆ ئەو خوێندکارانەی لە سەرەتای خوێندنەوە بە کوردی خوێندوویانە و دەیانەوێت دواتر خوێندنی زانکۆشی بەو زمانە بەردەوام بکەن.

دایک ‌و باوکانی خوێندکارانیش دەڵێن داواکارییەکەیان دژی زمانی عەرەبی یان هیچ زمانێکی دیکە نییە، بەڵکو داوای ئەوە دەکەن مافی کوردان بۆ خوێندن و دەربڕین بە زمانی دایک، وەک مافی پێکهاتەکانی دیکە، بە یەکسانی بپارێزرێت.

بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە سەرەتای ساڵی خوێندنی نوێدا کێشەی زمان و شێوازی وانەوتنەوەی کوردی لە ناوچەکەدا هێناوەتەوە. فەرمانێکی حکومەت کوردی بە زمانی نەتەوەیی ناساندووە و رێگە دەدات هەندێک بابەت بە کوردی بوترێت، بەڵام وانەی زمانی کوردی بە سێ وانە لە هەفتەدا سنووردار دەکات، لە هەمان کاتدا بیرکاری و زانست بە عەرەبی دەخوێندرێن.

وەزیری پەروەردەی سووریا، محەممەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، پێشتر وتوویەتی وەرگێڕانی تەواوی پڕۆگرامە خوێندنییەکان بۆ کوردی دژوارە، بەهۆی کەمی مامۆستا بۆ هەموو پسپۆڕییەکان و پرسیاری بەردەوامبوونی خوێندکاران لە زانکۆ.

لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرانی کورد و خوێندکاران پێداگری دەکەن کە وانەی کوردی بە تەنیا جێگرەوەی خوێندن بە کوردی نابێت و مافی خوێندنی تەواو بە زمانی دایک دەبێت بپارێزرێت.