
راپۆرتێکی رۆژنامەی وال ستریت جۆرنال دەڵێت داخستنی دەروازەکانی شەیب لە عێراق و غابد و تەفتان لە پاکستان، لەگەڵ گەمارۆی دەریایی و سزاکانی ئەمریکا، فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران زیاتر دەکات.
پاکستان لە 17ی ئۆکتۆبەر هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازەکانی غابد–ریمدان و تەفتان وەستاند.
بەرپرسانی ناوخۆیی پاکستان، ئاسایش و رێگرتن لە قاچاخی وەک پاساوی هەنگاوەکە هێناوەتەوە، بەڵام وەزیری دەرەوەی پاکستانیش رایگەیاندووە وڵاتەکە پابەندی سزا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانە.
بەهۆی وەستانی بازرگانییەکە، سەدان بارهەڵگر لە هەردوو لای سنوورەکە ماونەتەوە و گواستنەوەی گازی شل لە ئێران بۆ پاکستانیش راگیراوە.
غابد–ریمدان دواتر تەنیا بۆ هەناردەی کاڵای خێرا خراپبووی پاکستان بە شێوەیەکی سنووردار کراوەتەوە.
لە عێراقیشدا دەروازەی شەیب، کە بەرامبەر دەروازەی چەزابەی ئێرانە، لە 21ی ئۆکتۆبەر بۆ گەشتیار، ئۆتۆمبێل و کامیۆنی بازرگانی داخرا.
بەرپرسانی عێراق باس لە پێداچوونەوەی رێکارەکانی ئاسایش و دامەزراندنی ئامێری دۆزینەوەی ماددەی قاچاخ دەکەن، بەڵام وتەبێژی حکومەت کەموکوڕیی تەکنیکی و ئامادەکاریی دەروازەکەی وەک هۆکار ناوبردووە.
وۆڵ ستریت جۆرنال دەڵێت وەزارەتی دارایی ئەمریکا لەگەڵ پاکستان و تورکیا گفتوگۆی کردووە بۆ سنووردارکردنی رێڕەوە زەمینییەکانی ئێران.
هەندێک سەرچاوەی سیاسیی عێراقیش بە راگەیەنراوەکان وتوویانە واشنتۆن فشاری خستووەتە سەر بەغدا بۆ سنووردارکردنی بازرگانی لەگەڵ ئێران، بەڵام عێراق هێشتا هۆکارەکانی ئاسایش و تەکنیکی دەخاتەڕوو.