هەناردەی چین بۆ عێراق بەرێژەی زیاتر لە 31٪ کەمیکردوە

 بە گوێرەی ئامارە نوێیەکانی گومرگی چین، هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا بە ڕێژەی 31.7٪ کەمیکردووە و لە 13 ملیار دۆلارەوە بۆ 8.9 ملیار دۆلار دابەزیوە.

بەپێی شیکارییە ئابوورییەکان، زۆرترین کەمبوونەوە لە کەرەستەکانی بیناسازی و پیشەسازیدا بووە، بۆ نموونە هاوردەی ئاسن و پۆڵا، ئامێری کارەبایی، تەنانەت ئامێرەکانی ساردکردنەوە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئەم دابەزینە ئاماژەیە بۆ خاوبوونەوەی پڕۆژەکانی بیناسازی و سستبوونی جووڵەی وەبەرهێنان لە عێراقدا.

لە بەرامبەردا، کڕینی هەندێک لە کاڵاکانی بەکاربردنی رۆژانە و تایبەت نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکو گەشەی کردووە، دیارترینیان هاوردەی ئۆتۆمبێلی چینییە بۆ عێراق کە بە ڕێژەی 84٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 635 ملیۆن دۆلار، لە پاڵ مانەوەی ئاستی هاوردەی پێداویستییەکانی وەک جلوبەرگ و خۆراک.

ئەم جیاوازییە دەری دەخات کە خەڵک هێشتا بەردەوامن لە کڕینی پێداویستییەکانی رۆژانە و کەلوپەلی کەسی، بەڵام داواکاری بۆ کەرەستەی پڕۆژە گەورەکان و وەبەرهێنان بەرەو کەمبوونەوە چووە.

هەرچەندە کەمبوونەوەی هاوردەکردنی کەرەستەی بیناسازی نیشانەی خاوبوونەوەی کار و پڕۆژەکانە، بەڵام بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین ئابووری عێراق بە تەواوی پاشەکشەی کردووە.

گۆڕانی نرخی کاڵاکان لە جیهاندا، گۆڕینی وڵاتی هاوردەکردن لە چینەوە بۆ وڵاتێکی تر، و رادەی خەرجکردنی پارەی بودجە کاریگەرییان لەسەر ئەم ژمارانە هەیە، بۆیە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی تەواوەتیی بازاڕ، پێویستە چاودێریی بودجە و دۆخی دارایی عێراقیش لە مانگەکانی داهاتوودا بکرێت.