عێراق کانوونی دووەم بۆ دەستپێکردنی قەرزەکانی نیشتەجێبوون دیاری دەکات

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی عێراق، مانگی کانوونی دووەمی 2027ی بۆ دەستپێکردنی قەرزەکانی سندوقی نیشتەجێبوون دیاری کردووە. بڕی قەرزەکان تا 60 ملیۆن دینار دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، لە لێدوانێک بۆ رۆژنامەی سەباح، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئۆکتۆبەری 2026 بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە وەزارەت لە کۆتایی مانگی ئابی رابردوودا دەرگای پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ قەرزەکان لە بەغدا و پارێزگاکان کردووەتەوە.

بە وتەی ناوبراو، لەو قۆناغەدا داواکاریی 10 هەزار قەرزخواز قبوڵ کراوە، هاوکات کار لەسەر بەڕێکردنی 6 هەزار مامەڵە دەکرێت کە لە ساڵی رابردووەوە ماونەتەوە. قەرزەکان بەبێ سوود و تا بڕی 60 ملیۆن دینار دەبن.