
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بانکی رافیدەینی راسپارد قەرز بە فەرمانبەران بدات و رێکارەکانی وەرگرتنی ئاسان بکات، هاوکات داوای کرد کارئاسانی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەت، ئەم رێنماییانە ئەمڕۆ دووشەممە، لە سەردانی وەزیر بۆ بانکی رافیدەین و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکە و ژمارەیەک بەرپرس دراون. ساری داوای کردووە کاتی تەواوکردنی مامەڵەکان کورت و هەنگاوەکانی پێشکەشکردنی داواکاریی قەرز سادە بکرێنەوە.
وەزیری دارایی هەروەها داوای کردووە بانکەکە کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بکات تا بتوانن دارایی پێویست بۆ پڕۆژەکانیان دابین بکەن. وەزارەت دەڵێت ئامانج لەم هەنگاوە پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی کارە.