فەرەنسا، گۆڕانی فۆڕمی ناڕەزایەتی

وتاری: بیلال خەیات

کەم وڵات لە جیهاندا هێندەی فەرەنسا مێژوویەکی زیندووی لەگەڵ “شەقام” و یاخیبووندا هەیە.

لە کلتووری سیاسیی فەرەنسیدا، ناڕەزایەتی تەنها کاردانەوەیەکی کاتی نییە بەرامبەر بڕیارێکی حکومی، بەڵکو بەشێکە لە شوناسی نیشتمانی و میکانیزمێکە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی.

بەڵام ئەو گرژی و ناڕەزایەتییانەی ئەمڕۆ ناوخۆی فەرەنسای گرتووەتەوە، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وەک درێژکراوەی هەمان نەریتی دێرینی یاخیبوون دەردەکەون، لە ناوەڕۆک و فۆڕمدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە.

بۆ تێگەیشتن لەم وەرچەرخانە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ گرنگترین وێستگەی ناڕەزایەتی لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا: شۆڕشی قوتابیانی ئایاری ١٩٦٨.

لە بەهاری ١٩٦٨دا، کاتێک قوتابیانی زانکۆی سۆربۆن لە پاریس بەربەستەکانیان لە شەقامەکاندا دروست کرد و دواتر ملیۆنان کرێکار مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند، فەرەنسا لە گەشەیەکی ئابووریی بێوێنەدا بوو کە بە “سی ساڵە شکۆدارەکە” دەناسرا.

کەواتە یاخیبوونەکە لەسەر “نان” نەبوو، بەڵکو لەسەر “ئازادی” و مانای ژیان بوو.

ئایاری ١٩٦٨، کاتێک خەیاڵ حوکمی شەقامی دەکرد

نەوەی ٦٨ دژی سیستەمی باوکسالاری، دەسەڵاتی تەقلیدیی شارل دیگۆل و بێزاربوون لە کۆمەڵگەی بەرخۆری (ئیستهلاکی) ڕاپەڕین.

فۆڕمی ناڕەزایەتی لەو سەردەمەدا فۆڕمێکی فەلسەفی، ڕۆمانسی و شۆڕشگێڕانە بوو.

قوتابیان لەژێر کاریگەریی بیرمەندانی وەک ژان پۆل سارتەر و هێربەرت مارکوزەدا، دروشمەکانی “واقیعی بە و داوای مەحاڵ بکە” و “قەدەغەکردن قەدەغەیە”یان لەسەر دیوارەکانی پاریس دەنووسی.

لەو کاتەدا هاوپەیمانییەکی مێژوویی لەنێوان “فیکری خوێندکاران” و “بازووی کرێکاران” دروست بوو. ئەوان دەیانویست جیهان بگۆڕن و دامەزراوە تەقلیدییەکان هەڵبوەشێننەوە و پێیان وابوو داهاتوو هی ئەوانە.

شەقامی ئەمڕۆ، لە خەونی گۆڕینی جیهانەوە بۆ ترسی لەدەستدانی ژیان

ئەگەر شۆڕشی ١٩٦٨ هەڵقوڵاوی “ئومێد و خەیاڵدانی شۆڕشگێڕی” بووبێت، ئەوا گرژییەکانی ئەمڕۆی فەرەنسا بەرهەمی “ترس و دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی”ن.

فۆڕمی ناڕەزایەتی لە فەرەنسای ئەمڕۆدا بە تەواوی گۆڕاوە و لەسەر چەند ئاستێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و جوگرافی خەسڵەتی نوێی وەرگرتووە، لەوانە:

١. لە ئایدیۆلۆژیاوە بۆ بژێوی و شوناس

ناڕەزایەتییەکانی ئێستا کەمتر هەڵگری پاکێجێکی فیکری یان فەلسەفی دیاریکراون.

ئەوەی ئەمڕۆ شەقامی فەرەنسی دەجوڵێنێت، داکشانی چینی ناوەند، گرانیی بژێوی، کێشەی بودجە و باج، پاشەکشەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و یاسا مشتومڕاوییەکانی وەک خانەنشینی و کۆچبەرانە. مرۆڤی فەرەنسیی ئەمڕۆ داوای “مەحاڵ” ناکات، بەڵکو لەژێر سایەی جیهانگیری و قەیرانی ئابووریدا دەترسێت ئەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتییانەش لەدەست بدات کە باوانی لە دوای شۆڕشی ٦٨ەوە بەدەستیان هێنابوو.

٢. گۆڕانی جوگرافیای تووڕەیی، لە ناوەندی پاریسەوە بۆ پەراوێزەکان

لە ١٩٦٨دا چەقی ڕووداوەکان گەڕەکی لاتینی، ناوەڕاستی پاریس و هۆڵەکانی سۆربۆن بوو، بەڵام ئەمڕۆ جوگرافیای ناڕەزایەتی دابەش بووە.

لە لایەک “فەرەنسای فەرامۆشکراو” لە شارۆچکە و گوندەکان (کە لە بزووتنەوەی هێلەگ زەردەکان و ناڕەزایەتیی جووتیاراندا بەرجەستە بوو) دژی نوخبەی پاریس دەوەستنەوە، لە لایەکی دیکەوە “پەراوێزی شارە گەورەکان”، کە زۆرینەیان نەوەی دووەم و سێیەمی کۆچبەرانن، بەدەست پەراوێزخستن، بێکاری و توندوتیژیی پۆلیسەوە دەناڵێنن.

ئەم دابەشبوونە جوگرافی و چینایەتییە وایکردووە تووڕەییەکان یەک نەگرن، بەڵکو هەر توێژێک لە سەنگەری خۆیەوە دژی دەوڵەت بوەستێتەوە.

٣. پەرتەوازەیی و نەبوونی مەرجەع

لە ١٩٦٨دا زانکۆکان و سەندیکاکانی کرێکاران سەرکردایەتیی شەقامیان دەکرد و وتارێکی ڕێکخراویان هەبوو، بەڵام لە گرژییەکانی ساڵانی دواییدا سۆشیاڵ میدیا و گروپە بێ سەرکردەکان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.

تەنانەت زانکۆکانی ئەمڕۆش، کە جارێکی تر بوونەتەوە مەیدانی چالاکیی قوتابیان (چ لەسەر پرسە جیهانییەکانی وەک غەززە و ژینگە، چ لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی)، چیتر ئەو هێزە یەکگرتووە نین کە بتوانن تەواوی کۆمەڵگە لە پشت خۆیان کۆبکەنەوە.

ئەم نەبوونی مەرجەعە وایکردووە ناڕەزایەتییەکان خێراتر و توندوتیژتر، و لە هەمان کاتدا کەمتر ئامانجدار بن.

٤. قەیرانی نوێنەرایەتی لە کۆماری پێنجەمدا

لە سەردەمی دیگۆلدا، سەرەڕای تووڕەیی شەقام، هێشتا دامەزراوەی دەوڵەت و حیزبە سیاسییەکان قورسایی خۆیان هەبوو، هەر بۆیە دیگۆل توانی لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەوە دۆخەکە هێور بکاتەوە.

بەڵام ئەمڕۆ فەرەنسا لە ناو قەیرانێکی قووڵی “نوێنەرایەتیکردن” و چەقبەستوویی دامەزراوەییدایە. پەرتەوازەبوونی پەرلەمان بەسەر سێ بەرەی دژبەیەکدا (ڕاستی توندڕەو، بەرەی چەپ و ناوەندی لیبراڵ) و پەنابردنی بەردەوامی حکومەت بۆ تێپەڕاندنی یاساکان بەبێ دەنگدانی پەرلەمان (ماددەی ٤٩.٣ی دەستوور)، وایکردووە شەقام چیتر بڕوای بەوە نەمێنێت کە سندووقەکانی دەنگدان یان پەرلەمان دەتوانن چارەسەر بن.

کاتێک سیاسەت لەناو پەرلەماندا دەمرێت، شەقام دەبێتە تاکە دادگا.

٥. لە دیالۆگی فیکرییەوە بۆ زمانی توندوتیژی

جیاوازییەکی دیکەی جەوهەری لە زمان و ئامرازی ڕووبەڕووبوونەوەدایە. لە ١٩٦٨دا، لە تەنیشت بەربەستەکانەوە، شانۆی کراوە، دیبەیتی فەلسەفی و هونەری شۆڕشگێڕی لەسەر شەقامەکان هەبوو. بەڵام لە گرژییەکانی ئەمڕۆدا زمانی دیالۆگ پاشەکشەی کردووە لە بەرژەوەندیی توندوتیژیی گروپەکانی وەک “بلاک بلۆک” و سووتاندنی دامەزراوەکان، و لە بەرامبەردا وەڵامدانەوەی توندی ئەمنی و پۆلیسیی دەوڵەت.

ئەمەش نیشانەی پچڕانی تەواوەتیی پەیوەندییە لەنێوان دەسەڵات و هاووڵاتیدا.گرژییەکانی ئەمڕۆ زەنگێکی مەترسیدارن بۆ خودی پێکهاتەی “کۆماری پێنجەم”، کە شارل دیگۆل لە ساڵی ١٩٥٨ دایمەزراند. گۆڕانی فۆڕمی ناڕەزایەتی لە “یاخیبوونی فیکری و چینایەتی”یەوە بۆ “تووڕەیی پەنگخواردوو، لێکترازانی شوناس و پۆپۆلیزم”، پێمان دەڵێت کە قەیرانی ئێستای فەرەنسا تەنها قەیرانی حکومەتێک یان سەرۆکێک نییە، بەڵکو قەیرانی مۆدێلێکی سیاسیی بەسەرچووە کە چیتر ناتوانێت وەڵامدەرەوەی تووڕەیی و ترسەکانی شەقامی فەرەنسی بێت.

لە نێوان میراتی ڕۆمانسیی سۆربۆن و واقیعی تاڵی ئەمڕۆدا، فەرەنسا لە چاوەڕوانیی لەدایکبوونی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێدایە، پێش ئەوەی تووڕەیی شەقامەکان…