وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق: خزمەتگوزاریی G5 لە قۆناغی داهاتوودا دەگاتە عێراق

مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، رایگەیاند قۆناغی داهاتوو شاهیدی هاتنی خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەمی پەیوەندییەکان بۆ وڵات دەبێت، بەڵام بەروارێکی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنی خزمەتگوزارییەکە ئاشکرا نەکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی ئۆکتۆبەر، مستەفا سەنەد وتی، خزمەتگوزارییەکانی نەوەی پێنجەم لە بوارە جیاوازەکانی تەکنەلۆژیا، پیشەسازی، ئاسایش و گەشەپێداندا بەکاردێن.

وەزیری پەیوەندییەکان ئاماژەی بەوە داوە، ناکۆکیی نێوان کۆمپانیاکان و لایەنە رێکخەرەکان پێشتر بووەتە هۆی دواخستنی هاتنی ئەم خزمەتگوزارییە، بەڵام ئێستا ژینگەی گونجاوتر بۆ دەستپێکردنی لە عێراق رەخساوە.

لە هەمان راپۆرتدا، ئەحمەد خەفاجی، پسپۆڕی پەیوەندی و ئاسایشی سایبەری، جەختی کردووەتەوە کە سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە پەیوەستە بە پەرەپێدانی ژێرخانی پەیوەندییەکان، بە تایبەتی تۆڕەکانی فایبەری نوری، زیادکردنی توانای گواستنەوەی داتا و نوێکردنەوەی تۆڕەکان.

خەفاجی پێشنیاری کردووە خزمەتگوزارییەکە بە قۆناغ لە ناوچە ئامادەتر و پڕدانیشتووەکانەوە دەست پێ بکات و دواتر بۆ پارێزگاکانی دیکە فراوان بکرێت.