ترەمپ: لە ئێران بێزاربووین و رەنگە گورزێکی توندیان لێبدەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هۆشداریی بە ئێران دا و وتی ئەمریکا لە ئێران بێزار بووە و رەنگە گورزێکی توند لەو وڵاتە بدات.

ترەمپ شەوی سێشەممە، لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە شاری واسیلا لە ویلایەتی ئەلاسکا، وتی شەڕ لەگەڵ ئێران بەزوویی کۆتایی دێت. هەروەها دووبارەی کردەوە کە رێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەند راپۆرتێک بە گواستنەوە لە سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان، کە دەڵێن ترەمپ و بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەفتەی رابردوو سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ و بەرفراوان دژی ئێران گفتوگۆیان کردووە؛ پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، بەرپرسێکی ئیسرائیلی وتوویەتی نەتانیاهو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا نیگەرانییەکانی سەبارەت بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ترەمپ باس کردووە.