
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە، دانیشتنێک بۆ دەنگدان لەسەر پاڵێوراوانی جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزارەتە بەتاڵ و تازە دامەزراوەکان ئەنجام دەدات، لە کاتێکدا گفتوگۆی هێزە سیاسییەکان لەسەر هەندێک پۆست بەردەوامە.
بەرنامەی دانیشتنەکە تەنها یەک بڕگە لەخۆ دەگرێت؛ ئەویش دەنگدانە لەسەر پاڵێوراوان بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەت.
دیاریکردنی دانیشتنەکە دوای داواکارییەکی فەرمی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاتووە. زەیدی لە داواکارییەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە بۆ جێگرەکانی مووچە و تەرخانکراوی دارایی دانانرێت و دامەزراندنی نوێش بۆ ئۆفیسەکانیان ناکرێت.
لەبارەی ناوی پاڵێوراوانەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان رێباز حەمڵانی بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون کاندید کردووە. هەروەها سەفا کینانی بۆ گەنجان و وەرزش، و عەلی دەخیلی بۆ گەشتیاری پێشنیاز کراون.
بەپێی هەمان سەرچاوە، محەمەد موسەوی بۆ کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، یاسر مالکی بۆ ناوخۆ و حەیدەر بەها بۆ خوێندنی باڵا پاڵێوراون. لە بەشی هێزە سوننییەکانیش ناوی محەمەد تەمیم بۆ جێگری سەرۆکوەزیران، نایف شەمەری بۆ بەرگری، محەمەد عەلی نوعەیمی بۆ پلاندانان و زەید عەلی بۆ رۆشنبیری باس کراوە.
سەرچاوەکە جەختی کردووەتەوە کە لیستەکە کۆتایی نییە و تا پێش دانیشتنەکە ئەگەری گۆڕانکاری تێدایە؛ گفتوگۆکان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەندێک وەزارەت و پۆستەکانی جێگری سەرۆکوەزیران بەردەوامن.