جیهانی عەرەبی لە پێشەنگیی زانستییەوە بۆ بەکاربەری رۆژانە

داڕمانی پێشەنگیی زانستی لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا کە بەسەردەمی (زێڕین بەناوبانگە) و گواستنەوەی ئەم پێشەنگییە بۆ رۆژئاوا، یەکێکە لە گرنگترین وەرچەرخانە مێژووییەکان. ئەم گۆڕانکارییە زیاتر لە یەک هۆکارى نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک فاکتەری سیاسی، هزری، ئابووری و سەربازی بوون کە هاوکات لە هەردوو ناوچەکەدا پێچەوانەی یەکتر کاریان دەکرد.

یەکەم: هۆکارەکانی پاشەکشەی زانستی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا

سەردەمی زێڕینی زانست (لە سەدەی ٨ تا ١٣ی زایینی) کاتێک گەشەی کرد کە دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز پشتیوانیی لە زانایان، وەرگێڕان و ناوەندەکانی وەک (بیت الحکمة) دەکرد.

دواتر خەلافەت پارچەپارچە بوو بۆ میرنشینی لاواز، شەڕی ناوخۆیی و کێبڕکێی دەسەڵات سەریهەڵدا، ئەمەش ژینگەی ئارام و پشتیوانیی دارایی بۆ توێژینەوەی زانستی نەهێشت.

هێرشە وێرانکەرە دەرەکییەکان

هێرشی مەغۆلەکان (١٢٥٨ز) و رووخاندنی بەغدا و سووتاندنی کتێبخانە مەزنەکانی وەک بیت الحکمة و کوشتنی هەزاران زانا و بیرمەند گورزێکی کوشندە بوو لە ژێرخانی زانستی.

جەنگەکانی خاچپەرستان و کەوتنی ئەندەلوس (١٤٩٢ز): لەناوبردنی ناوەندە گرنگەکانی زانست و گواستنەوەی مەعریفە بەرەو ئەورووپا.

داخرانی فیکری و پاشەکشەی عەقڵانییەت

زاڵبوونی رەوتی تەقلیدگەرایی و کەمبوونەوەی ئیجتیهاد و بایەخنەدان بە زانستە ئەقڵی و سروشتییەکان (وەک فەلسەفە، فیزیا، ئەستێرەناسی و بیرکاری) بە چاوێکی گوماناوی سەیرکران یان بە بێسوود دانران.

ئەو دیالۆگ و ململانێ ئازادەی پێشتر لە نێوان فەیلەسووف و زانایاندا هەبوو جێگەی خۆی دا بە قەتیسبوون لە قاڵبی چەقبەستوودا مانەوە.

گۆڕانی رێڕەوە بازرگانییەکان و داڕمانی ئابووری

دوای دۆزینەوەی کیشوەری ئەمریکا و رێگەی دەریایی (رأس رجاء الصالح)، رێگەی بازرگانیی جیهانی لە دەستی موسڵمانان دەرچوو؛ داهاتی ناوچەکە کەمیکرد و پارەی پێویست بۆ بوژانەوەی زانستی و دامەزراوەکان نەما.

دووەم: بۆچی رۆژئاوا بووە پێشەنگ؟

رۆژئاوا چەند وەرچەرخانێکی بنەڕەتییان ئەنجامدا کە هێڵی مێژووییان گۆڕی

 پشتبەستن بە میراتی ڕۆژهەڵات و وەرگێڕان

ئەورووپا دەستی پێکرد لەو شوێنەی کە زانایانی وەک ئیبن روشد، ئیبن سینا، خوارزمی، و ئیبن هەیسەم لێی وەستابوون؛ کتێبەکانی ئەوان لە زانکۆکانی وەک پاریس و ئۆکسفۆرد کرانە سەرچاوەی سەرەکی.

سەردەمی رێنیسانس و ریفۆرمی ئایینی

کەمکردنەوەی هەژموونی کەنیسە و جیاکردنەوەى دەسەڵاتی ئایین لە زانست و توێژینەوەدا.

ئازادبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە؛ چیتر دەقەکان پیرۆز نەبوون ئەگەر لە تاقیکردنەوەدا ڕاست دەرنەچوونایە.

 پێشکەوتنی مێتۆدی زانستی و تاقیکاری

زانایانی وەک فرانسیس بیکۆن، گالیلۆ و نیوتن بنەمای(مێتۆدی زانستیی نوێ) یان دانا: کە پشت بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، بیرکاری و تاقیکردنەوە دەبەستێت نەک بۆچوونی نەریتی.

شۆڕشی پیشەسازی و بەستنەوەی زانست بە ئابوورییەوە

رۆژئاوا توانی زانستە بوارى تیۆرییەوە بکاتە کارگە، کەشتی، شەمەندەفەر و چەک؛ ئەمەش بووە هۆی دەوڵەمەندبوونی زیاتر و وەبەرهێنانی زیاتر لە توێژینەوە و زانکۆکاندا.

دامەزراوەسازی

برەودان بە دروستکردنی زانکۆی سەربەخۆ، زیادکردنی چاپخانەکان (کە کتێبی هەرزان و بەرفراوان کرد)، و دادگا و یاسایەک کە مافی داهێنەر دەپارێزێت.

ئەمڕۆش، پێشەنگیی زانستی بەندە بە ژینگەی سیاسی و ئابوورییەوە؛ رۆژئاوا خاوەنی ئازادیی ئەکادیمی، سەروەریی یاسا، بودجەی زەبەلاحی توێژینەوە و راکێشانی بلیمەتەکانی سەرانسەری جیهانە، لە کاتێکدا جیهانی عەرەبی بەدەست دەسەڵاتی تاکڕەو، گەندەڵی، کەمبوونی بودجەی زانستی و کۆچی مێشکەکانەوە دەناڵێنێت.