عێراق لە ساڵێکدا بە ١٢٥ ملیۆن دۆلار چای لە هیندستان هاوردە کردووە

توێژەرێکی ئابووریی عێراقی رایگەیاندووە، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەهای ئەو چایەی لە هیندستانەوە بۆ عێراق هەناردە کراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢٥ ملیۆن دۆلار.

عەلی کەریم ئیزهیب، توێژەری ئابووری و دارایی لە رێکخراوی “ئەزوا دیجلە” بۆ پلاندانانی ستراتیژی، بە پشتبەستن بە داتاکانی COMTRADEی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، وتوویەتی هەناردەی چای هیندستان بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە ١٢٥.٢٤ ملیۆن دۆلار.

بەپێی وتەکانی، ئەم ژمارەیە نموونەیەکە لە قەبارەی دراوی بیانیی کە عێراق ساڵانە بۆ هاوردەکردنی کاڵا رۆژانە و بەکارهێنراوەکان خەرجی دەکات.

ئیزهیب رەخنەی لە سیاسەتی ئابووریی عێراق گرتووە و دەڵێت، پێویستە بەرنامەی ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردە و گەشەپێدانی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی خۆراک لە ناوخۆ هەبێت.