ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق دەستی پێکرد؛ زیاتر لە 104 هەزار قوتابی بەشی کوردی لە کەرکووک گەڕانەوە قوتابخانە

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ساڵی نوێی خوێندن لە سەرانسەری عێراق دەستی پێکرد و زیاتر لە ١٢ ملیۆن قوتابی گەڕانەوە سەر کورسییەکانی خوێندن.

بەپێی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق، لە کۆی ئەو ژمارەیە، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار قوتابی بۆ یەکەمجار دەچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی.

لە کەرکووکیش قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان پێشوازییان لە ساڵی نوێی خوێندن کرد؛ زیاتر لە ١٠٤ هەزار قوتابی لە ٥٦٢ قوتابخانە و باخچەی ساوایان، لەلایەن نزیکەی ٨ هەزار و ٢٠٠ مامۆستاوە پێشوازییان لێکرا.

بۆ ئامادەکاریی ساڵی نوێش، حکومەتی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار کتێب و پێداویستیی جۆراوجۆری بۆ پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دابین کردووە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاندووە، پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان کراون، هەروەها ١٢٤ قوتابخانەی نوێ خراونەتە خزمەت پرۆسەی پەروەردە.

لە هەمان کاتدا، وەزارەت رایگەیاندووە زیاتر لە یەک ملیۆن دانە کتێبی خوێندن گەیەنراونەتە کۆگاکانی ناوەندی، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەوە بەسەر قوتابخانەکاندا دابەش بکرێن.

وەزارەتی پەروەردە پێشتر ٤ی تشرینی یەکەمی وەک رۆژی فەرمیی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دیاری کردبوو.