لە قاهیرەوە بۆ کوردستان؛ یەک کاتژمێر پەخش و نیو سەدە شڵەژان

دامەزراندنی بەشی کوردی لە رادیۆی قاهیرە یەکێک بوو لە وێستگە هەرە گرنگ، کاریگەر و دەگمەنە میدیایی و نەتەوەیییەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد؛ پەخشی رۆژانەی ئەم ئێستگەیە بووە هۆی دروستبوونی شڵەژانێکی گەورە لە پایته‌ختەکانی ناوچەکە و دەنگدانەوەکەی گەیشتە کۆشکی سپی لە واشنتۆن.

دامەزراندن و پاشخانی سیاسی

بە دەستپێشخەریی راستەوخۆی جەمال عەبدولناسر، سەرۆک کۆماری میسر، لە ١ی حوزەیرانی ١٩٥٧ پەخشی کوردی دەستی پێکرد، سەرەتا لە شەقامی شەریفەین لە ناوەڕاستی قاهیرە بوو، پاشان لە ساڵی ١٩٦٣ گواسترایەوە بۆ بینای ماسپیرۆ لەسەر رووباری نیل؛ پەخشەکەی رۆژانە یەک کاتژمێر بوو (لە ٤ بۆ ٥ی پاشنیوەڕۆ).

ئەم هەنگاوە لە سەردەمی ململانێی توند دژ بە (پەیمانی بەغدا) هات کە عێراق، تورکیا، ئێران، پاکستان و بەریتانیای لەخۆدەگرت؛ قاهیرە پرسی کوردی وەک کارتێکی سیاسی و میدیاییی کاریگەر دژ بە دەوڵەتانی نێو پەیمانەکە بەکارهێنا.

بەرنامەکان و ناوەڕۆکی پەخش

 بە سرودی نەتەوەییی ئەی رەقیب دەکرایەوە بە قورئانی پیرۆز دەستی پێدەکرد، دەنگی رادیۆکە دەگەیشتە تەواوی کوردستان لە عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا، هەروەها ئەرمینیا، جۆرجیا، بەشێک لە یەکێتیی سۆڤیەت، لوبنان، ئوردن و میسر، ناوەڕۆکی بەرنامەکان بریتی بوون لە شیکاریی سیاسی، مێژووی کورد، ئەدەب و شیعر، و پەخشکردنی گۆرانیی شۆڕشگێڕانە و فۆلکلۆریی هونەرمەندانی وەک ماملی و حەسەن زیرەک.  بەهۆی لێشاوی بێشوماری ئەو نامانەی لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تاراوگەوە دەگەیشتن، بەرنامەیەکی تایبەتی رۆژانە بۆ وەڵامدانەوەی نامە و هەستی گوێگران تەرخان کرا.

پەخشەکە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی بوو، ئەمەش گەمارۆی قەدەغەکردنی زمانی کوردیی لە دەوڵەتانی ناوچەکەدا تێکشکاند.

ستاف و کارمەندان

بەڕێوەبردن و پێشکەشکردنی بەرنامەکان لەلایەن ژمارەیەک لە خوێندکاران و رۆشنبیرانی کوردەوە بەڕێوەدەچوو لە سێ قۆناغی سەرەکیدا:

قۆناغی یەکەم (١٩٥٧–١٩٥٩):

شێخ عومەر وەجدی ماردینی (بەرپرسی بەش)، هۆشیار تاهیر بابان، محەمەد حوسێن مەلا دزەیی، محەمەد کەریم شەیدا (لەگەڵ بەشداریی حوسێن فەهمی خانی و خوێندکارانی ئەزهەر).

قۆناغی دووەم (١٩٥٩–١٩٦١):

عەبدوڵڵا مەعرووف (رۆژهەڵات- مەریوان)، عەدنان حەقی، عاسم حوسێنی، عەبدولوەهاب مەلا (رۆژئاوا -قامیشلۆ)، و عوسمان نەوگەرانی (باشوور – هەولێر).

قۆناغی سێیەم (١٩٦١–١٩٦٨):

د. فوئاد مەعسووم، د. محەمەد رەمەزان عەبدوڵڵا کەرکووکی، عەبدوڵڵا مەعرووف، و عوسمان نەوگەرانی.

تیپی سروود

رادیۆکە خاوەنی تیپێکی سروود بوو بۆ تۆمارکردنی سروودی نەتەوەیی، کە پێکهاتبوون لە: فاتیح هەمەوەندی، عەبدولحەمید ئیمام دهۆکی، سەفوەت بابان، مستەفا شەریف، عادل ساڵح موختار، و کانەبی ئەنوەر دزەیی.

کاردانەوە و شڵەژانی هەرێمی و نێودەوڵەتی

رۆژنامەکانی بەغدا، تاران و ئەنقەرە پەلامارێکی توندی رادیۆکەیان دا؛ پاشان باڵیۆزانی هەر سێ دەوڵەت بە جیا سەردانی وەزارەتی دەرەوەی میسریان کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی فەرمی و داوای ڕاگرتنی پەخشەکەیان کرد، بەڵگەنامە نهێنییەکانی واشنتۆن (دیداری ساڵی ١٩٥٨ی نێوان سەرۆک ئایزنهاوەر و محەمەد رەزا شای ئێران) ئاشکرای دەکەن کە شا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە رادیۆی قاهیرە دەربڕیوە، بەوەی هانی کورد دەدات بۆ دامەزراندنی (کوردستانێکی ئازاد) کە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئێران، تورکیا و عێراق؛ هەر بۆیە داوای چەک و فڕۆکەی زیاتری لە ئەمریکا کردبوو تا بەرپەرچی ئەم گوتارە بداتەوە.

داخستن و ئەرشیفی رادیۆکە

لە شوباتی ١٩٦٨دا بەهۆی گوشاری توندی هاوبەشی محەمەد رەزا شای ئێران، عەبدولسەلام عارف (سەرۆکی عێراق) و جەودەت سۆنای (سەرۆکی تورکیا)، لەگەڵ گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان دوای شەڕی ١٩٦٧، بەشی کوردی بە فەرمی داخرا. تەواوی ئەرشیفی دەنگی و نووسراوی بەشی کوردیی رادیۆی قاهیرە تا ئەمڕۆش لە بەشی ئەرشیفی رادیۆی میسر لە بینای ماسپیرۆ پارێزراوە.