
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی “رۆیتەرز”، پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین لە رێگەی کۆمپانیا بازرگانییەکانەوە کڕینی نەوتی خاوی عێراقیان زیاد کردووە. ئەمە دوای ئەوە دێت کە زیادەی نرخ (علاوە) بەهۆی جێگیربوونی هەناردەی نەوتی کەنداوەوە بۆ کەمتر لە ١٠ دۆلار دابەزیوە.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای “ئەدنۆک بۆ بازرگانی” بڕێک نەوتی “بەسرەی مامناوەند” و “بەسرەی قورس” ی بە زیادەی نزیکەی ٦ دۆلار لە سەرووی نرخی برێنت بە پاڵاوگەیەکی هەرێمی شاندۆنگ فرۆشتووە. هاوکات کۆمپانیای “تۆتسا” ٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی “بەسرەی قورس” ی بە زیادەی ٧ بۆ ٨ دۆلار بە پاڵاوگەیەکی دیکەی چینی فرۆشتووە.
ئەم زیادبوونەی کڕین هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی نرخی گرێبەستەکانی برێنت و کەمبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی دەریایی. ئەمەش هانی پاڵاوگە چینییەکانی داوە کە پێش کۆتایی ساڵ پشکی هاوردەکردنی خۆیان پڕ بکەنەوە. هەروەها گرێبەستی هاوشێوە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی ئیماراتی و قەتەری، بە زیادەی ٨ بۆ ٩ دۆلار، واژۆ کراون.