
پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە باکووری کوردستان رایگەیاند، بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتەکە، و حەسەن داختەکین، جێگری سەرۆک، لە ئەنقەرە دەستگیر کراون. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی پارتەکە، نۆ کەس لە هاوپەیمانیی “هاوبەندی” لە ئۆپەراسیۆنی هاوکات لە ئەنقەرە، دیاربەکر، باتمان و ماردین دەستگیر کراون.
لە بەیاننامەکەی 17ـی تشرینی دووەمدا، جگە لە بۆزیەل و داختەکین، ناوی فوئاد ئۆنەن، لە بەڕێوەبەرانی پێل کورد، عەلی ئۆنجی، رۆژبین بووکون، عەلی چەڤەن، محەممەد جان ئازبای، ئاریان سەرهەد و عەلی ئایدن هاتووە.
“هاوبەندی” هاوپەیمانییەکە لە باکووری کوردستان کە لە حەوتی تشرینی دووەم لە دیاربەکر دامەزرا. بەپێی ئاژانسی ئانکا، 170 سیاسەتمەدار لە کۆنفرانسی دامەزراندنەکە بەشدار بوون و ئەنجوومەنێکی 51 کەسییان پێکهێنا. ناساندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ئامانجەکانی هاوپەیمانییەکەن.
دوای دامەزراندنی هاوپەیمانییەکە، ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەری تورکیا، هەڕەشەی لە هاوبەندی کرد. ئۆزداغ وتی هەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن کە لەگەڵ شێخ سەعید و سەید رەزا کرا. ئەو دوو سەرکردە کوردە بە حوکمی دەسەڵاتدارانی تورکیا لە سێدارە دران. شێخ سەعید لە 1925 و سەید رەزا لە 1937. بایرام بۆزیەل و مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، بەرامبەر بە قسەکانی ئۆزداغ کاردانەوەیان نیشان دا. ئۆزچەلیک وتی سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن.
پارتی سۆسیالیستی کوردستان دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکان دوای هێرشە نەژادپەرستانەکان دژی هاوبەندی دەستیان پێکردووە.