بلومبێرگ: ئێران هێشتا دەتوانێت مانگانە نزیکەی 50 مووشەکی بالیستی بەرهەم بهێنێت

بلومبێرگ بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگریی رۆژئاوایی لە راپۆرتێکدا دەڵێت کە ئێران، سەرەڕای چەند مانگ هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل، هێشتا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 50 مووشەکی بالیستی لە مانگێکدا هەیە. ئەم بڕە نزیکەی نیوەی توانای بەرهەمهێنانی ئێرانە پێش جەنگ.

بەرپرسێکی رۆژئاوایی بە پشتبەستن بە راپۆرتە هەواڵگرییە سەربازییەکان بە بلومبێرگی وتووە کە بە ئەگەرێکی زۆر، لانیکەم 1,700 مووشەکی بالیستی لە کۆگاکانی ئێران ماونەتەوە.

جیم لامسۆن، شیکەرەوەی پێشووی سی ئای ئەی، خەمڵاندنی کردووە کە ئێران لەوانەیە هێشتا هەزاران درۆنی هێرشبەری “شاهد”یشی هەبێت. ژمارەی وردی ئەو چەکانە دیار نییە. بە هەڵسەنگاندنی بلومبێرگ، ئەم توانایە رێگە بە تاران دەدات ئەگەر شەڕ دەست پێ بکاتەوە، هێرشی تۆڵەسەندنەوە بکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سێشەممە 10ی تشرینی دووەم وتی نزیکەی 85%ی توانای بەرهەمهێنانی سەربازیی ئێران لەناو چووە، هەرچەندە ئێران هێشتا دەتوانێت ژمارەیەکی سنووردار مووشەک و درۆن دروست بکات.

هەمان رۆژ، میدیاکانی ئێران وێنەی بنکەیەکی ژێرزەمینییان بڵاوکردەوە کە سوپای پاسداران بە “شاری مووشەکیی نوێ” ناوی دەبات. لە وێنەکاندا عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەگەڵ مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، سەردانی بنکەکە دەکەن. شوێنی بنکەکە ئاشکرا نەکراوە.

عەبدوڵڵاهی چوارشەممە، لە پەیامێکدا کە تەسنیم بڵاویکردەوە، هەڕەشەی کرد هەر شوێنێک ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەبێتە ئامانجی راستەوخۆی ئۆپەراسیۆنی ناهەوسەنگی هێزە چەکدارەکانی ئێران.