
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتی ئەگەر واشنتن جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئێران، هێرشەکە دەکرێت نزیکەی پێنج هێندەی هێرشی یەکەم بێت. ترەمپ ئەم قسەیەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنی لەگەڵ کەناڵی C‑SPAN کرد، دوای ئەوەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، کۆبووەوە.
ترەمپ ناوی قەتەر، سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین و کوێتی هێنا و وتی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە تێگەیشتووە کە پێیان باشترە واشنتن بە هەڵوێستی ئێستای بەردەوام بێت. ئەو وتی خۆیشی لە ئێستادا ئەو رێگایەی پێ باشترە و پێی وایە ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکا بگاتە رێککەوتنێک.
ترەمپ هەمان رۆژ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی وت کە شەڕ لە رووی سەربازییەوە “بە کردەوە کۆتایی هاتووە” و لە ئێستادا پێویستی بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان نابینێت. لە هەمان کاتدا، وتی ئەمریکا ئامادەیە ئەگەر دۆخەکە بگۆڕێت و گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت.
رۆیتەرز لە 5ی نۆڤەمبەر، بە گواستنەوە لە بەرپرسێکی باڵای ئێرانی، بڵاوی کردەوە کە تاران لە رێگەی قەتەرەوە پێشنیارێکی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی بۆ واشنتن ناردووە. بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئێران تا ئەمریکا داواکارییەکانی تاران جێبەجێ نەکات، گفتوگۆ لەسەر پێشنیارەکە ناکات. لابردنی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران، هەڵوەشاندنەوەی سزاكان و ئازادکردنی سامانە بەستراوەکان لە داواکارییەکانی تارانن.