
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ئەنقەرە نایەوێت شەپۆلێکی نوێی هێرش بکرێتە سەر ئێران، و نیگەرانییەکانی تورکیای لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ماوەیەکی کەمی رابردوودا بە دۆناڵد ترەمپ گەیاندووە.
ئەردۆغان ئەمەی لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان بە رۆژنامەنووسانی ناو فڕۆکەکەی وت، و ئۆفیسی سەرۆکایەتی تورکیا قسەکانی بڵاو کردووەتەوە. وتی: تورکیا جەخت دەکاتەوە کە ئەم کێشانە بە گفتوگۆ و دیپلۆماسی چارەسەر دەکرێن، بەڵام بە داخەوە دووبارە گۆڕانکارییەکی نەرێنی دەبینین و هەموو هەوڵێک دەدەین رێگری لێ بکەین.
ئەردۆغان ئامادەیی ئەنقەرەی بۆ نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران بە ترەمپ راگەیاندووە.
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی ئەگەری هێرشی نوێی ئەمریکا وتی درێژەکێشانی ململانێکان جگە لە زیانی قورستر بۆ ناوچەکە ئەنجامێکی نییە. تێچووی جەنگ تەنها لەسەر لایەنە دژبەرەکان نییە، بەڵکو ناوچەیەکی فراوان، لە تورکیاوە تا وڵاتانی کەنداو، لە عێراقەوە تا سووریا، و لە ئەوروپاوە تا ئاسیا، پێوەی دەبێت.
ئەم قسانە لە کاتێکدا دێن ئەمریکا و ئێران قسەی هەڵکشاو دەربارەی جەنگەکە دەگۆڕنەوە. ترەمپ رۆژی شەممە ئاشکرای کرد ئەمریکا هێرشی سنوورداری کردووەتە سەر ئێران و وتی ئامانجەکانی هێناوەتە دی. بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە وتی لە ئێستادا هیچ هۆکارێک نابینێت ئەمریکا جەنگەکە راگەیەنێت، و ئێران لە جەنگەکە هیچ قازانجێکی نەبووە.
لەلای ئێرانیشەوە، سەرۆک کۆماری ئێران مەسعوود پزیشکیان ئەمڕۆ وتی موجتەبا خامنەیی رێنمایی داوە کۆتایی بە دۆخی “نە جەنگ و نە ئاشتی” بهێنرێت.
ترەمپیش لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنی بۆ سی ئێن ئێن وتوویەتی ئەمە بەندە بەوەی تاران رازی دەبێت بە “رێککەوتنێکی زۆر باش”، و لەو حاڵەتەدا دووبارەبوونەوەی هێرش بە نزیک نازانێت.
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند ئەنقەرە لەگەڵ ترەمپ و سەرکردەکانی ئەوروپا و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا لە پەیوەندیدایە، و ئەگەر پێویست بوو ئامادەیە دووبارە گفتوگۆی رووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ میوانداری بکات.