چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداری دەداتە زەیدی: دەستگیرکردنی گروپە چەکدارەکان حکوومەت دەڕووخێنێت

رۆژنامەی ئەلمەدا بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر فراکسیۆنە چەکدارەکانی عێراق لە هەر شەڕێکدا لەگەڵ ئێران بەشداری بکەن، ئەوا عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەنها دوو رێگەی دەمێنێت: ئەوان دەستگیر بکات، یان رێگە بدات واشنتن خۆی ئەو کارە بکات. ناوەندە نزیکەکانی کۆشکی حکومەت دەڵێن ئەم بژاردەیە دوای پەیوەندییەکەی زەیدی و دۆناڵد ترەمپ رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گەڕاوەتەوە سەر مێز.

ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە دەڵێن لەو پەیوەندییەدا ئەمریکا هۆشداریی دا لە راکێشرانی عێراق بۆ ناو جەنگەکە، و زەیدی پەیامێکی روونی پێگەیشتووە کە دەبێت بجووڵێت و تەنها دانوستان بەڕێوە نەبات. زەیدی دواتر ئەم هەڵوێستەی بۆ هاوپەیمانە شیعەکانی گواستووەتەوە لە دواین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی.

لەو کۆبوونەوەیەدا، زەیدی وتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەگەر هاوشانی ئێران بجەنگن دەستگیر دەکرێن. ئەمە لە کاتێکدابووە کە قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیب، وتبووی هێزەکان لەوانەیە بەشداری بکەن ئەگەر رووبەڕووبوونەوەکە درێژە بکێشێت، بەڵام ئەگەر سنووردار بێت و وەک شەڕی 12 رۆژە بێت دەست تێوەردان ناکەن.

باس لەوەش کراوە، ئەبو وەلائی لەو کۆبوونەوەیەدا رەخنەی لە بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی لەگەڵ ئێران گرت، و وتی حکوومەتی سوودانی لە شەڕی چل رۆژە هیچ دەروازەیەکی نەگرتبوو. زەیدیش وەڵامی دایەوە کە واشنتن داوای داخستنی هەموو دەروازەکانی کردووە جگە لە دووان، و فوئاد حوسێنی وەزیری دەرەوە دواتر ئەمەی پشتڕاست کردەوە.

زەیدی هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا وتی بەشێک لە پلانێکی دزەپێکراوی شەڕی بینیوە کە بۆ ترەمپ خراوەتە روو و سێ سیناریۆی هەیە. یەکێکیان هاتنی هێزە ئەمریکییەکانە لە رێی عێراقەوە بۆ هێرشکردنە سەر باشووری ئێران،. لە کاتێکدا رەنگە ئێرانیش فشار بخاتە سەر عێراق بۆ داگیرکردنی کوێت لە خاکی عێراقەوە.

لە لایەکی ترەوە، دانوستانەکانی دەربارەی چەکی هێزەکان چەند مانگێکە بەردەوامن و هێشتا رێککەوتنێکی روونیان بەرهەم نەهێناوە. سەرچاوەکان دەڵێن فراکسیۆنەکان نایانەوێت چەک دابنێن و ئەو قسەی حکومەت کە چوار فراکسیۆن چەکیان رادەست کردووە راست نییە.

شبل زەیدی، فەرماندەی کەتائیبی ئیمام عەلی، بە تەنها کەسێک ناو دەبرێت کە نیازی راستەقینەی چەک رادەستکردنی دەرخستووە. ئەبو ئەلای وەلائی بە زەیدی وتووە ئەگەر ئاگربەست هەبێت چەکەکان رادەست دەکرێن، بەڵام ئەگەر شەڕ دەستی پێکرد ئەو داواکارییە جێبەجێ ناکرێت. ئەلمەدا دەڵێت ئەم گفتوگۆیە پێش پەیوەندییەکەی ترەمپ بووە.

زەیدی هەروەها رایگەیاندووە فشاری نێودەوڵەتی لەسەر بەغدا زیاد دەبێت و ئیتر بەڵێن بەس نییە، بەڵکو بەرنامەی کاتبەندکراو دەخوازن. ئەو وتوویەتی واشنتن لە خاوی پرۆسەکە نیگەرانە.

بەپێی راپۆرتەکە، زەیدی لەگەڵ ئەمە رووبەڕووی ململانێیەکی توندتر لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵڵا بووەتەوە. زانیاری هەیە کەتائیب لە دەستەی پیشەسازیی جەنگی دوور خراوەتەوە، و بڕیار دراوە کاری ئەو کۆمپانیایانەی پەیوەندییان بەوانەوە هەیە لە فڕۆکەخانەی موسڵ کۆتایی بێت.