فاینەنشاڵ تایمز: رووسیا لەسەر دابینکردنی 90 سەکۆی هەڵدانی مووشەک بۆ ئێران رێککەوتووە

رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز بە پشتبەستن بە بەڵگەیەکی ناوخۆییی کۆمپانیایەکی بەرگریی رووسیا، بڵاویکردووەتەوە کە موسکۆ لەسەر دابینکردنی 90 سەکۆی هەڵدانی مووشەکی رێنماییکراو بۆ ئێران رێککەوتووە. ئەم سەکۆیانە بۆ دامەزراندن لەسەر هێلیکۆپتەر دروست کراون.

بەپێی راپۆرتەکە، لە خشتەی بەرهەمهێنانی ساڵانی 2024 و 2025دا، داواکاریی 90 سەکۆی جۆری APU-L بۆ کڕیارێک بە کۆدی K-10 تۆمار کراوە. فاینەنشاڵ تایمز بە بەڵگەکانی دیکەی گرێبەستەکانی چەک، کۆدەکەی بە ئێرانەوە بەستووەتەوە. خشتەکە پەیوەندی بە نامەیەکی کۆمپانیای ڤیمپێڵ لە مانگی 5ی 2024ەوە هەیە.

ئەم سەکۆیانە بۆ مووشەکی رووسی LMUR، کە بە بەرهەمی 305یش ناسراوە، بەکاردێن و دەتوانرێت لەسەر هێلیکۆپتەری هێرشبەری Mi-28 دابمەزرێن. راپۆرتەکە دەڵێت رووسیا ئەم مووشەکانە لە جەنگی ئۆکرایندا بەکارهێناون.