حوسییەکان لە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ سعودیە 51 ملیار دۆلار و ناساندنی فەرمییان داوا کردووە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، حوسییەکانی یەمەن لە وەڵامی پرسیاری سعودیە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ، داوای 51 ملیار دۆلار قەرەبوویان کردووە.

بەپێی راپۆرتەکە، حوسییەکان دەڵێن ئەم بڕە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی ساڵانی هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە و گەمارۆی یەمەنە.

هەروەها داوایان کردووە سعودیە بە فەرمی حوسییەکان بناسێنێت. رۆژنامەکە دەڵێت لە گفتوگۆکاندا بڕی پارەی دیکەش باس کراوە، بەڵام داواکارییەکان هێشتا لە چوارچێوەی دەیان ملیار دۆلاردان.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە داواکارییەکە لە کاتێکدا هاتووە سعودیە بەدوای رێگایەکدا دەگەڕێت بۆ راگرتنی هێرشەکانی حوسییەکان و گەیشتن بە رێککەوتن.

وۆڵ ‌ستریت جورناڵ دەڵێت حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر تانکەرە نەوتییە سعودییەکان لە دەریای سوور زیاد کردووە و ناوچەیەکی گرنگیان لە نزیک گەرووی بابەلمەندەب گرتووەتە دەست، ئەم گەرووە رێگەیەکی گرنگی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییە.

لە هەمان کاتدا، رۆیتەرز لە 2ی تشرینی دووەم نووسی کە سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن وتوویانە حوسییەکان لە پێشڕەویدا گەیشتوونەتە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە عەدەن، کە ناوەندی کاتیی حکومەتی یەمەنیی ناسراوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.

رۆیتەرز دەڵێت ئەم پێشڕەوییە رێگەی گرنگی نێوان عەدەن و تەعز دەخاتە مەترسییەوە و ئاڵۆزییەکانی شەڕی یەمەن زیاتر کردووە.

بەپێی وۆڵ ستریت جورناڵ، محەممەد بن‌ سەلمان، میری سعودیە، نایەوێت بەبێ ئەوەی لە مەیدانی شەڕدا پێگەیەکی بەهێزتر هەبێت بچێتە ناو رێککەوتنێکەوە. بەڵام هەڵبژاردە سەربازییەکانیش بێ مەترسی نین: ناردنی هێزی زەمینی دەتوانێت ببێتە هۆی زیانی گیانی و ناڕەزایی ناوخۆیی، لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکان بە تەنیا بەگۆڕینی هاوسەنگیی هێز بەس نیین.

سعودیە پشتگیریی حکومەتی یەمەن دەکات، لە بەرامبەردا حوسییەکان لە ساڵی 2014ەوە بەشێکی گەورەی وڵات، لەوانە پایتەخت سەنعا، کۆنترۆڵ دەکەن. ئاگربەستی باو لە ساڵی 2022 بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، تا رادەیەک شەڕی گەورەی کەم کردبووەوە، بەڵام پێشڕەویی و هێرشە نوێیەکان ئەو ئارامییەیان تێکداوە.