شەش گەنجی راپەڕین لە لیبیا گەڕێندرانەوە و چارەنووسی 10 کەسی دیکە هێشتا نادیارە

شەش گەنجی خەڵکی ئیدارەی راپەڕینی گەڕێندرانەوە کە لە لیبیا دەستبەسەر بوون، هاوکات 14 گەنجی دیکە لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە دۆزراونەتەوە و هەوڵ بۆ ئازادکردنیان بەردەوامە.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2026، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، گەنجە گەڕاوەکان بە یاوەریی نوێنەرێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

بەپێی بەیاننامەکە، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ پێشوازییان لێ کردوون و پێش رادەستکردنەوەیان بە خێزانەکانیان، پشکنین و چارەسەریی پزیشکیی پێویستیان بۆ ئەنجام دراوە.

ناوەندەکە هەروەها ئاشکرای کردووە، 14 گەنجی دیکەی خەڵکی راپەڕین لە زیندانەکانی لیبیا دۆزراونەتەوە. رێکارە کارگێڕییەکان بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەیان دەستی پێکردووە، بە ئامانجی ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا بگەڕێندرێنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، چارەنووسی 10 گەنجی دیکەی ناوچەکە هێشتا نادیارە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە. بەیاننامەکە وردەکاریی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ماوەی مانەوەی گەنجەکان لە زیندانەکانی لیبیا نەخستووەتەڕوو.