
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وەڵامێک بۆ باسەکانی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەی، رایگەیاند کە شەڕێکی نوێش سیاسەتەکانی تاران ناگۆڕێت.
عێراقچی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، لە رێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی بەڵگەنامە و مۆزەخانەی کەمال خەڕازی لە تاران، وتی: چ شەڕ رووبدات یان نا، سیاسەتەکانمان لە شوێنی خۆیانن.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها وتی ئەمریکا پێشتر دوو جار هێرشی سەربازیی تاقی کردووەتەوە و ئەنجامەکەی بینیوە. بە وتەی ئەو، ئەگەر جارێکی دیکەش هەمان هەنگاو بنێت، ئەنجامێکی جیاواز بەدەست ناهێنێت.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە میدیا ئەمریکییەکان راپۆرتیان لەسەر ئامادەکردنی بژاردەی سەربازی بۆ هێرشی ئەگەریی نوێ بۆ سەر ئێران بڵاوکردووەتەوە. بەڵام ئامادەکردنی ئەو بژاردانە بە مانای دەرچوونی فەرمانی هێرش نییە و بڕیارێکی کۆتایی بە ئاشکرا رانەگەیەنراوە.