
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە راپۆرتێکدا باسی دەستبەسەرکردنی حەوت هاووڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لە پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی رۆژئاوا و کوردستان. ناویان عەلی مورادیان، شیروان سلێماننەژاد، محەممەد لوتفیفەر، محەممەد لوتفی، دیاری عەبدی، رەزا تیج و ئەمیر پەروێززادەیە.
بەپێی راپۆرتەکە، شیروان سلێماننژاد، هاووڵاتییەکی 27 ساڵەی خەڵکی ورمێ، لە 19ی ئۆکتۆبەر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نەزانراو گوازراوەتەوە. تا کاتی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە، شوێنی راگرتن و هۆکاری دەستگیرکردنی دووبارەی ئەو روون نەبووەتەوە.
لە نێو کەیسەکانی تردا، عەلی مورادیان و دیاری عەبدی، تەمەنی 17 ساڵ، لە 19ی ئۆکتۆبەر دەستگیر کراون، محەممەد لوتفی، گەنجێکی 17 ساڵەی خەڵکی بانه، لە 20ی ئۆکتۆبەر لە شوێنی کارەکەی دەستگیر کراوە، رەزا تیجیش لە 21ی ئۆکتۆبەر لە ماڵەکەیەوە بردراوە. راپۆرتەکە دەڵێت شوێنی راگرتنی ژمارەیەک لەوانە نادیارە.