وەبەرهێنانی سلێمانی: هاووڵاتیانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مافی کڕینی خانوو و شووقەیان لە سلێمانی هەیە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هەموو هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەبێ جیاکاری، مافی یاسایی کڕین و خاوەندارێتیی خانوو و شووقەیان لە پرۆژەکانی وەبەرهێنانی سلێمانی هەیە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2026، لە وەڵامی ئەو لێکدانەوانەی بۆ بڕیارێکی دادگای کارگێڕیی سلێمانی کراون، روونی کردەوە کە بڕیارەکە تەنها پەیوەندی بە کەیسێکی تایبەتەوە هەیە و هێشتا پلەی بنبڕی وەرنەگرتووە.

هەروەها جەختی کردەوە، ئەو بڕیارە هیچ کاریگەرییەکی گشتی لەسەر مافی خاوەندارێتیی خانووبەرە و پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی نییە و ناکرێت بۆ هەموو مامەڵەکانی خانووبەرە بگشتێنرێت.

بڕیاری دادگای کارگێڕیی سلێمانی بە ژمارەی 57/ک/2026 فەرمانی کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی بە ژمارەی 6448ی هەڵوەشاندووەتەوە، فەرمانێک کە لە 6ی حوزەیرانی 2016 دەرچووبوو. ئەو رێکارە رێگەی بە تۆمارکردنی خانوو و شووقە بە ناوی هاووڵاتیانی عێراق و بیانییان دەدا، بەڵام وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنی ئاسایشی پارێزگای مەرج بوو.

سکاڵاکە لەلایەن سێ کەسەوە لە دژی پارێزگاری سلێمانی تۆمار کرابوو. داواکاران بانگەشەیان کردبوو کە پارێزگار دەسەڵاتی یاسایی بۆ دەرکردنی ئەو جۆرە فەرمانەی نییە، هەروەها نیگەرانییان لە کاریگەریی ئەو رێکارە لەسەر پێکهاتەی دانیشتووان دەربڕیبوو.

سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی روونی کردەوە کە بڕیاری دادگای کارگێڕی هێشتا کۆتایی نییە و تەنها بە فەرمانێکی دیاریکراوەوە پەیوەندی هەیە. بە وتەی دادگای تێهەڵچوونەوە، ئەو بڕیارە نابێت بە مانای قەدەغەکردنی گشتیی خاوەندارێتیی هاووڵاتیانی عێراق لە سلێمانی لێکبدرێتەوە، مافی ئەو هاووڵاتییانە بە دەستوور و یاساکانی تۆمارکردنی خانووبەرە رێکدەخرێت.

ماددەی 23ی دەستووری عێراق دەڵێت هاووڵاتیی عێراقی مافی خاوەندارێتی لە هەر شوێنێکی عێراق هەیە، و خاوەندارێتی بۆ مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی قەدەغەیە. خاوەندارێتیی بیانییانیش بابەتێکی جیاوازە: دەستوور ئەو مافە بەو حاڵەتانەوە دەبەستێتەوە کە یاسا رێگەی پێ بدات.