سوپای پاسداران لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێز و کاروانی چەکداری جێگیر کردووە

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان (KHRN) لە راپۆرتێکدا دەڵێت سەرچاوەکانی لە سنە، کامیاران، سەروئاوە، مەریوان و بانە لە هاتنی هێز و کاروانی سەربازیی سوپای پاسداران لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ ئەو ناوچانە ئاگاداریان کردووەتەوە. بەپێی راپۆرتەکە، کاروانەکان چەکی قورس و مامناوەندیان لەگەڵ بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کامیاران بە KHRNی وتووە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا سەدان هێزی تایبەتی سوپای پاسداران، کە گومان دەکرێت ئەندامی یەکەی “سابرین” بن، بە کاروانی سەربازی گوازراونەتەوە بۆ دەوروبەری گوندەکانی دامێنی شاخی شاهۆ و لەوێ شوێنی کەمینەیان گرتووە.

چەند سەرچاوەیەکی دیکە لە سنە، سەروئاوە و مەریوانیش بە تۆڕەکەیان وتووە کە هێزەکانی چاودێریی پاسداران لە بنکەی حەمزە سەیدوشوهەدا لە ورمێوە گوازراونەتەوە بۆ بنکەی “بەیتولمەقدس” لە سنە. بەپێی هەمان سەرچاوەکان، ئەو هێزانە لە هێرشەکانی هەفتەی رابردوو بە تۆپ و درۆن لە شاهۆ و مەریواندا بەشدار بوون.

سەرچاوەیەکی KHRN لە بانەش هەواڵی جێگیرکردنی کاروانێکی سوپای پاسدارانی داوە کە تۆپخانەی لەگەڵ بووە، لە دەوروبەری شاخی سنووری سوورین.