تورکیا هێز دەنێرێت بۆ سعودییە؟

حکومەتی تورکیا ئامادەیە داواکارییەکی جیاواز پێشکەشی پەرلەمان بکات بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی ناردنی هێزی سەربازی بۆ سعودیە، ئەمەش لە چوارچێوەی پەیمانی بەرگریی هاوبەشی مەککەیە کە تورکیا، سعودیە و پاکستان لە مانگی ئابی 2026 واژوویان کردووە.

رۆیتەرز لە 21ی ئۆکتۆبەری 2026 ئەم هەواڵەی بە گوێرەی پەرلەمانتارێکی حزبی دادوەری و گەشەپێدان (AKP) بڵاو کردەوە. سەرچاوەکە، کە بە مەرجی نەهێنانی ناوی قسەی کردووە، وتوویەتی داواکاریی مۆڵەتی ناردنی هێز دوای پەسەندکردنی خودی پەیمان لە پەرلەمان پێشکەش دەکرێت. تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە، پەرلەمان هێشتا پەیمانەکەی پەسەند نەکردبووە و مۆڵەتی ناردنی هێزیش وەرنەگیراوە.

پەیمانی بەرگریی مەککە لە 7ی ئاب واژۆ کراوە. بە گوێرەی ناوەڕۆکی پەیمانەکە، هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لە ئەندامەکان، وەک هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامەکان لێک دەدرێتەوە.

پەیمانەکە هەروەها هاوکاری لە بواری پیشەسازیی بەرگری، ئاڵوگۆڕی زانیاری، پشتیوانیی لۆجستی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەخۆدەگرێت.

تورکیا لە 20ی ئۆکتۆبەر پەیمانەکەی بۆ پەرلەمان ناردووە تا بڕیاری پەسەندکردنی لەسەر بدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، ئەگەر پەرلەمان پەیمانەکە پەسەند بکات، ئەوە بە تەنها مۆڵەتی ناردنی سەرباز نابێت، دەستووری تورکیا بۆ ناردنی هێز بۆ دەرەوەی وڵات مۆڵەتی جیاوازی پەرلەمان پێویست دەکات. واتە رێگای یاسایی هێشتا دوو قۆناغی هەیە: پەسەندکردنی پەیمان، پاشان مۆڵەتدان بە ناردنی هێز.

بەڵام رۆڵی سەرەتایی تورکیا، بەپێی ئەو پەرلەمانتارەی رۆیتەرز قسەی لەگەڵ کردووە، بەرگریییە: ناردنی کارمەندی تەکنیکی و پسپۆڕ بۆ یارمەتیدانی سعودیە لە بەرگریی ئاسمانی و تەکنەلۆژیای جەنگی ئەلیکترۆنیکی.

ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی ئەو هێزانە بەشداریی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە ناکەن. رۆیتەرزیش دەڵێت تا ئێستا هیچ جۆرە ناردنی هێزێک لە چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانییەوە رووی نەداوە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، پێشتر وتوویەتی پەیمانەکە بۆ بەرگریی هاوبەشە و مۆڵەت بە تورکیا نادات هێز بنێرێت بۆ خاکی وڵاتێکی دیکە بۆ ئەنجامدانی هێرش.

لە کۆبوونەوەی 5ی ئۆکتۆبەریشدا، ئەندامانی پەیمان رایانگەیاندبوو کە هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی بەرگریی هاوبەش و خێراکردنی ئامادەکردنی هێز و تواناکانی سەربازی دەگرنەبەر، بەڵام جێبەجێکردنیان بە رێکارە یاساییەکانی هەر وڵاتێکەوە بەستراوەتەوە.