عێراق دەروازەی شەیب لەگەڵ ئێران دادەخات و باس لە داخستنی دەروازەکانی تریش دەکرێت

عێراق لە بەیانیی چوارشەممە 21ی ئۆکتۆبەرەوە دەروازەی سنووریی شەیبی لەگەڵ ئێران بەڕووی گەشتیاران، ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە بازرگانییەکاندا داخستووە، داخستنەکە تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت. شەیب لە پارێزگای میسانە.

رۆیتەرز، بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی عێراقیی دەروازە سنوورییەکان، دەڵێت ئامانج لە داخستنەکە پێداچوونەوە بە رێکارە ئەمنییەکان و دامەزراندنی ئامێری پشکنینە بۆ رێگریکردن لە قاچاخی کەرەستەی قەدەغەکراو.

شەفەق نیوز پێشتر، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای میسان، بڵاویکردەوە کە داخستنەکە لە 6ی بەیانیی ئەمڕۆوە دەست پێ دەکات و “بۆ هۆکاری تەکنیکی”یە. ئەلجەزیرەش لە سەرچاوەیەکی حکومیی عێراقییەوە گواستەوە کە ژمارەیەک دەروازەی دیکە لە رۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی قۆناغی دادەخرێن.