
لە بازاڕەکانی عێراقدا نیگەرانییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە، بەتایبەت 25 هەزار دیناری، روو لە زیادبوونە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی بڕێک پارەی ساختە لە دەروازە سنوورییەکان، بازرگانانی ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغدا هۆشداری دەدەن و دەڵێن بەشێک لەو پارانە بە شێوەیەکی ئەوەندە ورد چاپ کراون کە بە ئاسانی لە دراوی ڕاستەقینە جیا ناکرێنەوە.
لەوبارەیەوە، حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند: دۆزینەوەی دراوی ساختە لە رێگەی سکاڵای فەرمی، یان لە کاتی پشکنین و ژماردنی پارە لە ناو بانکەکاندا دەکرێت؛ بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی دراوەکان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی ساختەکاریش لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانە.
بەپێی یاسا و رێنماییە بانکییەکان، هەر بڕە پارەیەک ئەگەر لە بانکدا وەک دراوی ساختە دەستنیشان بکرێت، دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە هیچ شێوەیەک قەرەبووی خاوەنەکەی ناکرێتەوە. ئەمەش مانای وایە ئەو کەسانەی بەبێ ئاگاداری دراوی ساختە وەردەگرن، ڕاستەوخۆ زیانی داراییان پێ دەگات.
بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە جگە لە زیانی تاکەکەسی، متمانە لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا لاواز دەکات و جووڵەی بازاڕ سست دەکات. لەبەر ئەوە، داوا لە هاووڵاتییان و کاسبکاران دەکرێت لە کاتی بوونی هەر گومانێکدا دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.