عێراق لە حەوت مانگدا زیاتر لە 26 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە

داهاتی گشتیی عێراق لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە سەرووی 39 تریلیۆن دینار، کە 78%ی لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستهاتووە. لە بەرامبەردا، بەهۆی هەڵکشانی خەرجییەکان بۆ زیاتر لە 65 تریلیۆن دینار، کورتهێنانی دارایی گەیشتووەتە زیاتر لە 26 تریلیۆن دینار.

بەپێی نوێترین داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی بودجەی فیدراڵی تاوەکو کۆتایی مانگی تەمووزی 2026، کۆی داهاتی دەوڵەت 39 تریلیۆن و 96 ملیار دینار بووە؛ لەو بڕەش 30 تریلیۆن و 356 ملیار دیناری لە داهاتی نەوت و 8 تریلیۆن و 740 ملیار دیناریشی (هاوتای نزیکەی 22%) لە داهاتی نانەوتی پێکهاتووە.

لە بەرامبەر ئەو داهاتەدا، کۆی خەرجییەکانی دەوڵەت لە هەمان ماوەدا گەیشتووەتە 65 تریلیۆن و 424 ملیار دینار، بەمەش جیاوازیی نێوان داهات و خەرجی (کورتهێنان) بۆ 26 تریلیۆن و 329 ملیار دینار بەرزبووەتەوە.

داتاکانی وەزارەتی دارایی دەریدەخەن کە خەرجیی مووچەی فەرمانبەران بە 35 تریلیۆن و 875 ملیار دینار لە پێشەنگی خەرجییە بەکاربەرەکاندایە؛ بە دوای ئەویشدا تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە 15 تریلیۆن و 989 ملیار دینار دێت. هەروەها بەخشین، یارمەتییەکان و سوودی قەرزەکان گەیشتوونەتە 5 تریلیۆن و 96 ملیار دینار.