دەسەڵاتی بنەماڵە لە لوتکەی هەژموونەوە بۆ داڕمانى یەکجاری

کاتێک محەمەد رەزا شای ئێران لە کانوونی دووەمی ١٩٧٩دا لە پەنجەرەی فڕۆکەکەیەوە بۆ دواجار سەیری تارانی دەکرد، بە سەرسوڕمانەوە رووی لە فەرەح پەهلەویی هاوسەری کرد و پرسیاری ئەوەی لێکرد کە ئایا بەڕاستی ئەو جەماوەرە زۆرە خوازیاری رۆیشتنی ئەوان بوون؟ ئەو پرسیارە ساردوسڕە ئاماژە بوو بۆ کۆتاییهاتنی خێرا و چاوەڕواننەکراوی فەرمانڕەواییەکی ٢٥٠٠ ساڵەى پاشایەتى. بە بڕوای مێژوونووسان و چاودێرانی سیاسی، ئەم دیمەنە رەنگدانەوەی حوکمی بنەماڵەییە کاتێک لە واقیعی کۆمەڵگە دادەبڕێت.

دەوڵەت لە قاڵبی خێزاندا

حوکمی بنەماڵەیی جۆرێکە لە سیستەمی سیاسی کە تێیدا دەسەڵاتی بڕیاردان لە بازنەیەکی تەسکی خزمایەتیدا قەتیس دەکرێت. شیکارییە سیاسییەکان ئاماژە بە چەند بنەمایەکی سەرەکی دەکەن کە ئەم دەسەڵاتانە پشتی پێدەبەستن:

یەکەم: شەرعییەتدان بە دەسەڵات لە رێگەی پێگەی نەریتی، خێڵەکی، یان مێژووی خەباتی چەکدارییەوە و گۆڕینی دەستکەوتە گشتییەکان بۆ میراتی تایبەتی نەوەکان.

دووەم: سپاردنی فەرماندەیی یەکە تایبەتەکان، دەزگا هەواڵگرییەکان و هێزی چەکدار تەنیا بە کوڕان، برایان و کەسانی پلە یەکی بنەماڵە.

سێیەم: دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوت، سامانی گشتی و بازرگانییە گەورەکان بۆ کڕینی وەفاداری و دروستکردنی تۆڕی دەستوپێوەندى گوێڕایەڵ.

چوارەم: بێکاریگەرکردنی دەزگاکانى حکومەت و پەرلەمان و دادوەریی تا نەتوانن چاودێری یان لێپرسینەوە لە ئەندامانی بنەماڵە بکەن.

نیشانە سەرەتاییەکانی داڕمانى حکومی بنەماڵە

بەپێی ئەزموونە مێژووییەکان، لەناوچوونی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە لەناکاو روونادات، بەڵکو چەند نیشانەیەکی پێشوەختە لە شێوازی بەڕێوەبردندا دەردەکەون:

 لەگەڵ هاتنەپێشەوەی نەوەی دووەم و سێیەم، کێبڕکێی توند لەسەر دابەشکردنی پۆست و سامان لە نێوان برا و ئامۆزاکاندا سەرهەڵدەدات.

دەسەڵاتدار دەکەوێتە ژێر کاریگەری و گەمارۆی راوێژکارە نزیکەکان و ناتوانێت قەبارەی راستەقینەی تووڕەیی و ناڕەزایەتی شەقام درک بکات.

 دەرکەوتنی گەندەڵی و ژیانی شایستەی ئەندامانی خێزان لە کاتێکدا زۆرینەی کۆمەڵگە لە تەنگژەی داراییدا دەژین.

کۆتا رێگەش کە دەیگرنە بەر پەنابردنە بەر گرتن، سانسۆر و تۆقاندن بەهۆی لاوازبوونی شەرعییەتی جەماوەرییە.

کۆتایی دەسەڵاتى بنەماڵە

لاپەڕەکانی مێژوو دەریدەخەن کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی بەگشتی بە یەکێک لەم چوار سیناریۆیە دەگاتە خاڵی کۆتایی:

1.    تەقینەوە و شۆڕشی جەماوەری: وەک ئەوەی لە رۆمانیای ١٩٨٩ و تونسی ٢٠١١دا بینرا.

2.    کودەتای ناوخۆیی یان سەربازی: کاتێک سوپا یان بازنەی ئەمنیی نزیک دەسەڵات هەڵدەگەڕێنەوە، وەک گۆڕانکارییەکانی عێراقی ١٩٥٨ و گابۆنی ٢٠٢٣.

3.    شکستی سەربازی و دەستێوەردانی دەرەکی: کاتێک شەڕ دۆخی ناوخۆیی دەشێوێنێت و کۆتایی بە دەسەڵات دەهێنێت، وەک عێراقی ٢٠٠٣.

4.    داڕمانی ئابووریی تەواوەتی: کاتێک گەنجینەی دەوڵەت بەتاڵ دەبێت و ناتوانرێت شایستە داراییەکانی هێزە ئەمنییەکان دابین بکرێت، وەک نموونەی سریلانکا لە ٢٠٢٢.

چاودێران لەو باوەڕەدان کە گەورەترین لاوازیی دەسەڵاتی خێزانی، نەبوونی دامەزراوە و یاسایە؛ هەر بۆیە کاتێک سەرچاوەی پارە یان کۆنتڕۆڵی چەک لەدەستدەچێت، تەواوی بینای دەسەڵاتەکە بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە.