
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) داشکاندنێکی بێپێشینەی بۆ گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوتی خاوی بەسرە بۆ مانگی تشرینی یەکەم راگەیاند؛ بە جۆرێک بڕی داشکاندنەکە دەگاتە 37 دۆلار لە هەر بەرمیلێکدا، ئەمەش لە پێناو راکێشانی کڕیاران و قەرەبووکردنەوەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی کەشتیوانی لە کەنداو.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی سۆمۆ کە ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، عێراق بەهۆی کێشەکانی کەشتیوانی و دووریی بەندەرەکانی لە گەرووی هورمز بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ، زیاتر لە بەرهەمهێنەرانی دیکەی کەنداو تووشی ئاستەنگی هەناردەکردن بووەتەوە.
نەبوونی کەشتیگەلێکی نیشتمانیی گەورەی تایبەت بە خۆی، بەغدای ناچار کردووە ئەم داشکاندنە قورسانە پێشکەش بکات تا کڕیاران هان بدات لە کاتی ئاڵۆزییە ئەمنییەکاندا بەردەوام بن لە بارکردنی نەوت.