نیو سەدە لە سڕینەوەی شوناس

رۆژئاواى کوردستان لە پرسی پەراوێزخستنەوە تا گەڕانەوە بۆ شوناسی نەتەوەیی

لە مێژووی هاوچەرخی سوریادا، پرسی کورد تەنیا رووبەڕووی پەراوێزخستنی سیاسی نەبووەتەوە، بەڵکو کەوتووەتە بەر شاڵاوێکی بەرنامەبۆداڕێژراوی دەوڵەت بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و شێواندنی شوناسی نەتەوەیی. سیاسەتی بەعەرەبکردن (تەعریب) لە رۆژئاوای کوردستان، لە رێگەی زنجیرەیەک مەرسوومی یاسایی، پلانی ئەمنی و گەمارۆی ئابوورییەوە پیادە کرا، کە بە بەڵگەنامە لەم شەش وێستگە سەرەکییەدا دەردەکەون:  بێبەشکردن لە ناسنامە.

دواى سەرژمێریی نائاسایی ساڵی ١٩٦٢ و بەپێی مەرسوومی ژمارە ٩٣، لە پارێزگای حەسەکە لە یەک رۆژدا زیاتر لە ١٢٠ هەزار کورد لە رەگەزنامەی سووری بێبەش کران و پۆلێن کران بۆ (ئەجنەبی و مەکتووم ئەلقەید)، کە لە هەموو مافێکی خاوەندارێتی و مەدەنی بێبەش بوون.

پلانی ئەمنیی

پێشکەشکردنی لێکۆڵینەوەیەکی ئەمنیی دوازدە خاڵی لەلایەن بەرپرسی ئاسایشی حەسەکە محەمەد تەڵەب هیلال لە ساڵی ١٩٦٣، کە نەخشەڕێگای بۆ پەرتەوازەکردنی کورد، دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان، و دروستکردنی پشتێنەیەکی عەرەبی لەسەر سنوور داڕشتووە.

پرۆژەی کەمەرەى عەرەبی

لە ساڵی ١٩٧٣ شریتێکی جوگرافی بە درێژایی نزیکەی ٣٥٠ کم و قووڵایی ١٠ بۆ ١٥ کم لەسەر سنووری تورکیا دروستکرا،  زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆنم زەویی کوردی داگیرکرا و زیاتر لە ٤,٠٠٠ خێزانی عەرەب (عەرەبی غەمەر) هێنران و لە ٤٠ گوندی هاوچەرخدا لە شوێنی کوردەکان نیشتەجێ کران.

تەعریبی ناو و شوێنەکان

بە فەرمانی کارگێڕیی فەرمی، ناوی سەدان ناوچە و شاری کوردی گۆڕدرا بۆ عەرەبی (وەک: کۆبانێ کرایە عین العرب، سەرێ کانی کرایە رأس العين، دێرکیش کرا بە المالكية)، لەگەڵ قەدەغەکردنی ناونانی منداڵان و شوێنە بازرگانییەکان بە ناوی کوردی.

سڕینەوەی کولتووری و قەدەغەکردنی زمان

لە ساڵی ١٩٨٦ قەدەغەکردنی تەواوەتیی خوێندن، نووسین و چاپەمەنی بە زمانی کوردی، لەگەڵ ڕێگری لە یادکردنەوەی نەورۆز و گۆڕینی بۆ «رۆژی دایک» بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی نەتەوەیی.

 گەمارۆی ئابووری و زەویوزار

مەرسوومی ژمارە ٤٩ی ساڵی ٢٠٠٨ مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بوو کە بەپێی ئەو، هەر کڕین، فرۆشتن، یان بیناکردنێک لە ناوچە سنوورییەکان (زۆربەی ناوچە کوردییەکان) بەستراوەتەوە بە مۆڵەتی ئەمنی؛ ئەمەش ئابووریی ناوچەکەی پەکیخست و بووە هۆی کۆچپێکردنی ناچاریی دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد بۆ ناوەڕاستی سووریا و دەرەوەی وڵات.

ئەم شەش وێستگەیە دەیسەلمێنن کە تەعریب لە رۆژئاوا تەنیا هەڵمەتێکی هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو ستراتیژێکی دەوڵەتداریی سیستماتیک بوو بۆ سڕینەوەی شوناسێک کە ڕەگی لە مێژوودایە؛ پیلانێک بوو ویستی خاک بێ‌خەڵک و مرۆڤ بێ‌ناسنامە بکات، بەڵام سەرەڕای نیو سەدە لە شێواندنی دیمۆگرافیا و قەدەغەکردنی زمان، نە نەخشەی ڕاستەقینەی ناوچەکە گۆڕدرا و نە ئیرادەی مانەوەی کورد لەسەر خاکی باوباپیرانی تێکشکێنرا.