لە قاچاخچێتى نەوتەوە بۆ قاچاخچێتى باڵندە دەگمەنەکان

لە وەرزی پاییزدا، کاتێک ئاسمانی کوردستان دەبێتە رێڕەوی کۆچی باڵندەکان، تۆڕێکی نهێنی و پڕداهات دەخرێتە گەڕ. لە دەشتە پان و بەرینەکانی گەرمیانەوە تا بەرزاییەکانی پێنجوێن و هەولێر و بادینان، بازرگانییەکی رەش و ژێرزەمینی برەوی پێدەدرێت کە ئامانج لێی راوکردنی شەهێن و بازە دەگمەنەکانە بۆ تێرکردنی ئارەزووی دەوڵەمەند و میرەکانی وڵاتانی کەنداو. بازرگانییەک کە قازانجەکەی بە سەدان هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت و باجەکەشی بریتییە لە لەناوچوونی سامانی ژینگەیی کوردستان.

ئارەزوویەکی شاهانە

لە وڵاتانی کەنداو (بەتایبەت قەتەر، ئیمارات، سعوودیە و کوێت)، هونەری راهێنان و بەخێوکردنی باڵندەکان کە پێی دەڵێن  “قۆشچێتی”  یان (الصقارة) و راوکردن بە باڵندە نیشانەی دەسەڵات، پێگەی کۆمەڵایەتی و رەسەنایەتییە. باڵندە شکارییەکانی کوردستان، بەهۆی ئەوەی لە ژینگەیەکی شاخاوی و سەختدا گەورە بوون، بە بەهێزترین و توندوتۆڵترین جۆرەکان دادەنرێن بۆ راوکردنی باڵندەی حەبارا لە بیابانەکاندا، کە ئەم باڵندە مام ناوەندە خێراییەکى بێ وێنەى هەیە و هەر باڵندەیەکی راوچى بیگرێت ماناى بەهێزیی و تواناکەى نیشان دەدات.

ئەم خواستە زۆرە وایکردووە نرخی باڵندەکان لە بازاڕی ڕەشدا بگاتە ئاستێکی خەیاڵی.

شاهین یان شەهێن،  کە خێراترین باڵندەیە لە سروشتدا سروشتە، نرخی یەک دانەی لە نێوان ١٠ هەزار بۆ ٥٠ هەزار دۆلاردایە، و لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا دەگاتە سەرووی ٧٠ بۆ ١٠٠ هەزار دۆلار.

بازی سەقەر کە لە پێڕستی جیهانیدا لە بەردەم هەڕەشەى لەناوچووندایە، بەپێی قەبارە و رەنگی پەڕەکانی لە نێوان ١٥ هەزار تا ٨٠ هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

جۆرە دەگمەنە سپییەکانی شمقاڕ،  لە زیادکردنە نهێنییەکاندا کڕیارە کەنداوییەکان ئامادەن زیاتر لە ١٥٠ هەزار دۆلار بۆ یەک باڵندە بدەن.

تەڵەی خاک و رێڕەوی مەرگ

راوچییە ناوخۆییەکان کە زۆرجار وەک دەستکەلا و بەردەستى بازرگانە گەورەکان کار دەکەن، بە دانانی چاڵ لە زەویدا، بەکارهێنانی کۆتر وەک تەڵە و هەڵدانی تۆڕی هەوایی لە دەشتەکانی گەرمیان، مەخموور و چیاکانی باڵەکایەتی، کار بۆ گرتنى باڵندە کۆچەرییەکان دەکەن.

دوای راوکردنیان، قۆناغی مەترسیداری قاچاخچێتی دەستپێدەکات. بۆ دەربازکردنیان لە بازگەکانی کوردستان بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق (موسەننا و بەسرە) و دواتر سنوری کوێت و سعوودیە، باڵندەکان بە دەرمانی سڕکەر بێهۆش دەکرێن، قاچ و دەنووکیان دەبەسترێتەوە و لە ناو بۆریی پلاستیکی، تایەی ئۆتۆمبێل یان کەلوپەلی بارهەڵگرەکاندا دەشاردرێنەوە. بەپێی بەدواداچوونە ژینگەییەکان، بەشێکی بەرچاوی ئەم باڵندە دەگمەنانە پێش گەیشتنیان بە شوێنی مەبەست بەهۆی خنکان و گەرمای توندەوە لەناو دەچن.

لە رووی یاساییەوە، ئەم کارە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بە تاوانێکی قورس هەژمار دەکرێت.

بەپێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ی ژینگەی کوردستان، سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی لە ١٥٠ هەزار تا ٢٠٠ ملیۆن دینار دیاری کراوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەلوپەل و ئۆتۆمبێلەکان.

بەڵام لە یاسای فیدراڵیی عێراقدا (یاسای پاراستنی ئاژەڵی کێوی ژمارە ١٧ی ٢٠١٠)، سزای تا سێ ساڵ بەندکردن دانراوە و  وەک ” کاڵای قەدەغەکراو” مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سزای تا پێنج ساڵ زیندانیی بۆ دیاری کراوە.

هاوکات عێراق ئەندامە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی CITES کە بازرگانیکردن بەم باڵندانە لەسەر ئاستی جیهان بە تاوان دەناسێنێت.

سەرەڕای ئەم سزایانە و هەوڵە بەردەوامەکانی پۆلیسی دارستان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان و ئازادکردنەوەی دەستبەسەرداگیراوەکان لە ناوچە پارێزراوەکانی و کوردستان، بەڵام قەبارەی ئەو قازانجە خەیاڵییەی لە کەنداو چاوەڕوانی قاچاخچییەکان دەکات، وایکردووە تۆڕە نایاساییەکان بەردەوام بن لە سەرکێشییەکانیان.

دەبێت رابگیرێت

بەپێی ڕاپۆرتەکانی رێکخراوی پاراستنی باڵندە نێودەوڵەتییەکان  -( بێردلایف ئینتەرناشناڵBirdLife International ( ژمارەی جۆرە سەرەکییەکانی باز لە چەند دەیەی رابردوودا زیاتر لە ٥٠٪ کەمیکردووە. بەردەوامیی ئەم راوە بێبەزەییانەیە لە دەشت و کوێستانەکانی کوردستان، تەنها بەتاڵکردنی ئاسمان نییە لە باڵندە شکارییەکان، بەڵکو تێکدانی تەواوی ئەو زنجیرە بایۆلۆجییەیە کە مێروو و گیانەوەرە زیانبەخشەکان بە هاوسەنگى لە سروشتدا دەهێڵێتەوە. راگرتنی ئەم قاچاخچێتییە نێودەوڵەتییە پێویستی بە توندوتۆڵکردنی چاودێریی سنورەکان، هاوئاهەنگیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و پڕچەککردنی پاسەوانانی ژینگە هەیە بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ ڕاوەدوونانی راوچییە نایاساییەکان.