ئابووریی سێبەر؛ سپیکردنەوەی پارە لە هەرێمی کوردستان و رەهەندە شاراوەکانی

سپیکردنەوەی پارە پرۆسەیەکە کە تێیدا سەرچاوەی نایاسایی و قاچاخی داهاتەکان (وەک گەندەڵی، دزینی سامانی گشتی، یان قاچاخچێتی) دەشاردرێتەوە و لە رێگەی زنجیرەیەک مامەڵەی داراییەوە وەک سەرمایەیەکی شەرعی و خاوێن نیشان دەدرێت، ئەم دیاردەیە بەهۆی لاوازیی ژێرخانی یاسایی و چاودێری و پشتبەستنی زۆر بە ئابووریی نەختینەیی (کاش)، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا سەریهەڵداوە، ئەمە نەک هەر زیانی کوشندەی بە بنەماکانی ئابووری نیشتمانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گەیاندووە، بەڵکو بووەتە هۆی ئەوەی سیستەمی بانکی و دارایی ناوچەکە بکەوێتە ژێر وردبینی و چاودێری توندی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.

پڕۆسەی سپیکردنەوەی پارە  نەخۆشییەکی مەترسیدارە  بۆ جەستەی ئابووری، چونکە رێگرێکی سەرەکییە لە بەردەم دامەزراندنی سیستمێکی بانکی مۆدێرن؛ بە جۆرێک کە سەرمایە لە سووڕێکی نادیار و دەرەوەی چاودێریی دامەزراوە داراییەکان دەهێڵێتەوە و متمانەی نێودەوڵەتی بە بانکە ناوخۆییەکان  لاواز دەکات،  ئەم دیاردەیە لە رێگەی دروستکردنی هەڵاوسانی دەستکرد و بەرزکردنەوەی نرخەکان، جوڵەی سروشتیی بازاڕ و هاوسەنگیی خواستی گشتی تێکدەدات، کە دەرەنجامەکەی دەبێتە هۆی پاشەکشەی هێزی کڕینی زۆرینەی هاووڵاتیان و نزمبوونەوەی ئاستی داهاتی راستەقینەی تاک،  لە جیاتی ئەوەی سەرمایە بەرەو پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان بڕوات کە هەلی کاری بەردەوام و گەشەی راستەقینە دەستەبەر دەکەن، بەرەو کەرتە وەستاوەکان ئاڕاستە دەکرێت؛ ئەمەش نەک هەر دەبێتە هۆی پەکخستنی گەشەی ئابووری نیشتمانی، بەڵکو دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و سستبوونی ئاستی خۆشگوزەرانیی گشتی و تێکچوونی کوالێتی ژیان بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە، لەم راپۆرتەدا بەپێی داتا و راپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، تیشک دەخەینە سەر کەرتی وەبەرهێنان و ئەو رێگایانەی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێن.

تەوەرەی یەکەم: کەرتی خانووبەرە؛ بەهەشتی ئارامی سپیکردنەوەی پارە

کەرتی خانووبەرە و وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان،  لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بازدانێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە؛ گەشەیەک نە لەگەڵ داهاتی هاووڵاتیاندا دەگونجێت و نە لەگەڵ توانای بەرهەمهێنان و قەبارەی گشتیی ئابووری هەرێمدا ، بەپێی  قسەی وتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەران، قەبارەی سەرمایەگوزاری لەم کەرتەدا گەیشتووەتە ٣٥ ملیار دۆلار، ئەم ژمارە خەیاڵییە بۆ هەرێمێک کە خۆی لەژێر باری دەیان ملیار دۆلار قەرزدا دەبینێتەوە و کەرتە زیندووەکانی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاریی پشتگوێ خستووە، نیشانەی پرسیارێکی گەورە لەسەر نەخشەی دارایی  ئەم کەرتە دروست دەکات، لەم سۆنگەیەوە، شارەزایانی ئابووری و راپۆرتە چاودێرییەکان هۆشداری دەدەن کە بوونی نەختینەیی (کاش)ی بێشومار و سستیی چاودێری بەسەر سەرچاوەی دارایی پڕۆژە زەبەلاحەکانەوە، ئەم سێکتەرەی کردووەتە حەشارگە و دەروازەیەکی سەرەکی بۆ سپیکردنەوە و شەرعیەتدان بەو پارە رەشانەی لە گەندەڵی و سەرچاوەی نادیارەوە هاتوون.

لێکەوتە ئابوورییەکان ئەم دیاردەیە گورزێکی کوشندە لە بنەماکانی گەشەی ئابووریی نیشتمانی دەوەشێنێت، چونکە بەهای ٣٥ ملیار دۆلار لە جیاتی ئەوەی بچێتە خزمەت کەرتی بەرهەمهێنان (وەک کارگەکان و کشتوکاڵ) کە هەلی کاری راستەقینە و بەردەوام دروست دەکەن، لەناو بلۆک و چیمەنتۆدا سڕ کراوە ، ئەمەش ئابووریی نیشتمانیی تووشی کێشەی نەخۆشیی هۆڵەندی کردووە، بە جۆرێک کە کەرتێکی وەک عەقارات بە شێوەیەکی وەهمی گەورە دەبێت و کەرتە بنەڕەتییەکان تر دەپوکێنەوە، کاتێک ئابووریی وڵات پشت بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی نەبەستێت، گەشەی ئابووری دەبێتە گەشەیەکی رووکەش و ناسەقامگیر، کە ناتوانێت بەرگەی هیچ قەیرانێکی دارایی یان دابەزینی نرخی نەوت بگرێت، چونکە هیچ بەهایەکی زیادکراوی راستەقینە (Value Added) بۆ ژێرخانی وڵات بەرهەم ناهێنێت.

رەنگدانەوەی ئەم دۆخە لەسەر ئاستی ژیانی هاوڵاتیی کورد، بارگرانییەکی تاقەتپڕووکێنە؛ چونکە لێشاوی پارەی ەش (بڵقێکی هەڵاوسانی) لە بازاڕی خانووبەرەدا دروستکردووە کە نرخی کڕین و کرێی خانوو و شووقەکانی گەیاندووەتە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، ئەم خواستە دەستکردە هێزی کڕینی ڕراستەقینەی خێزانی کوردی پەکخستووە، چونکە فەرمانبەر یان گەنجێکی ئاسایی بە داهاتی مانگانەی خۆی، تەنانەت لە دەیان ساڵی داهاتووشدا ناتوانێت ببێتە خاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون، هەربۆیە  داهاتی سنوورداری هاووڵاتیان لەبری ئەوەی بچێتە خزمەت باشکردنی کواڵێتی ژیان، تەندروستی و پەروەردەی خێزانەکانیان، دەچێت بۆ دابینکردنی کرێی خانوو، ئەمەش جیاوازیی چینایەتی قووڵتر کردووەتەوە و ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەی دابەزاندووە.

تەوەرەی دووەم: نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و سیستەمی حەواڵە

لەبەر ئەوەی ژێرخانی بانکی لە هەرێمی کوردستان هێشتا نەبووەتە جێگەی متمانەی تەواوی هاوڵاتیان و بازرگانان، ئابووری هەرێم بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەختینەیی (کاش) دەبەستێت، ئەم دیاردەیە کە لە ئابووریدا بە  ئابووری کاش دەناسرێت، وایکردووە چاودێریکردنی سووڕانەوەی دراو (Velocity of Money) زۆر قورس بێت و پێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیاکانی حەواڵە بە شێوەیەکی نادروست بەهێز ببێت،  سیستەمی نەریتی  حەواڵە کە لەسەر بنەمای  متمانەی نێوان هەناردەکاران کاردەکات، دەبێتە هۆی گواستنەوەی بڕە پارەی یەکجار گەورە لە سنوورەکان بەبێ ئەوەی هیچ شوێنپێیەکی دیجیتاڵی یان فەرمی لە بانکە ناوەندییەکانیاندا جێبهێڵێت، ئەمەش وایکردوە ئەم شێوازەی کارکردنی  کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵە  گەورەترین سەرچاوەی سپیکردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی دۆلار بێت.

لەسەر ئاستی ماکرۆ-ئابووری و نیشتمانی، پشتبەستن بەم تۆڕە نافەرمییانە گورز لە گەشەی سیستەمی دارایی دەوەشێنێت، چونکە دەبێتە هۆی هەڵاتنی سەرمایە  لە ناوخۆی وڵاتەوە بۆ دەرەوە، کاتێک ملیاران دۆلار لە رێگەی حەواڵەی شاراوەوە دەچێتە دەرەوەی وڵات، بانکە ناوخۆییەکان لە نەختینەیی پێویست بەتاڵ دەبن، ئەمەش وادەکات بانکەکان نەتوانن قەرزی بچووک و مامناوەند  پێشکەشی گەنجان و بازرگانان بکەن بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان،  وێرای ئەمە ، ئەم پاشاگەردانییە داراییە، راستەوخۆ و رۆژانە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ئاستی داهات و بژێوی هاوڵاتیی کورد؛ چونکە قاچاخکردنی دۆلار و پسوڵە ساختەکان دەبنە هۆی دروستبوونی جیاوازییەکی گەورە لە نێوان نرخی فەرمی دۆلار و نرخی بازاڕی  تەریب,  لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان وڵاتێکی هاوردەکارە و پتر لە ٩٠٪ی پێداویستییەکانی (لە خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی) لە دەرەوە بە دۆلار دەکڕێت، هەر دابەزینێکی بەهای دینار لە بازاڕدا ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە ناوخۆدا (هەڵاوسانی هاوردەکراو)، بەم شێوەیە، تەنانەت ئەگەر مووچە یان داهاتی هاووڵاتی جێگیر یان زیادیش بێت، لەبەرانبەر گرانیی بازاڕدا هێزی کڕینی ڕاستەقینەی بە توندی دادەبەزێت و داهاتەکەی بەشی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ناکات.

تەوەرەی سێیەم: سێبەری سزاکان و ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوە

دیاردەی سپیکردنەوەی پارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی یان کارگێڕی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی جیۆپۆلیتیکی هەیە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی دارایی جیهانی و خولی سووڕانەوەی دۆلاری ئەمریکییەوە، گروپە نێودەوڵەتییەکانی وەک گرووپی کاری دارایی (FATF) کە پێوەرە جیهانییەکانی دژە سپیکردنەوەی پارە دیاری دەکەن، بەردەوام چاودێری سیستەمی دارایی عێراق دەکەن؛ بەڵام جێبەجێکردنی کرداریی یاسای ژمارە ٣٩ی ساڵی ٢٠١٥ی دژە سپیکردنەوەی پارە هێشتا لەژێر تاقیکردنەوەیەکی تونددایە.

لێکەوتە ستراتیژییەکانی سزاکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لەسەر بانکەکان، ژینگەی ئابووریی نیشتمانیی هەرێم و عێراق تووشی  خراپبوونی ناوبانگ دەکات، کاتێک بانکە ناوخۆییەکان بەهۆی سپیکردنەوەی پارەوە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، بازاڕی دارایی نیشتمانی لە سیستەمی بانکیی نێودەوڵەتی گۆشەگیر دەبێت، ئەم گۆشەگیرییە ڕێگرە لەبەردەم هاتنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان بۆ ناو هەرێم، چونکە هیچ وەبەرهێنەرێکی بیانی ئامادە نییە سەرمایەکەی بهێنێتە ژینگەیەک کە بانکەکانی ناتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی پارە بگوازنەوە، بەمەش ئابووریی نیشتمانی لە تەکنەلۆژیا و سەرمایەی دەرەکی بێبەش دەبێت و توانای پێشبڕکێ و گەشەکردنی لەدەستدەدات.

ئەم گۆشەگیرییە داراییە بە شێوەیەکی زنجیرەیی دەگاتە سەر دەرگای ماڵی هاوڵاتیی کورد و کاریگەری لەسەر ئاستی داهاتی دەبێت؛ چونکە کاتێک بانکەکان سزادەدرێن و گواستنەوەی دۆلار سنووردار دەکرێت، تێچووی هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاری بۆ بازرگانانی ناوخۆ دوو هێندە دەبێت، بازرگانانیش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم زیانە، نرخی کاڵاکان لەسەر هاووڵاتیان گرانتر دەکەن، لە لایەکی دیکەوە، پەککەوتنی بانکەکان و کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی بیانی بەواتای کەمبوونەوەی دەرفەتی کار دێت بۆ گەنجان، ئەمەش بێکاری زیاد دەکات و ئاستی تێکڕای داهاتی خێزانەکان نزم دەکاتەوە.

تەوەری چوارەم: کولتوور وەک مۆدێلێک بۆ سپیکردنەوەی پارە

بەکارهێنانی هونەر و کولتور  یەکێکە لە رێگا نوێ و سەرنجراکێشەکانی سپیکردنەوەی پارە،  کەرتی فێستیڤاڵ و بۆنە هونەرییەکان بەهۆی سروشتی نافەرمی و ناجێگیریی نرخەکانیانەوە ، دەرفەتێکی گونجاویان رەخساندەوە بۆ ئەم دیاردەیە، لەم پرۆسەیەدا کە تێیدا گرێبەستی هونەرمەندان و لۆجیستیک بە چەند قات لە سەرووی نرخی راستەقینەی بازاڕەوە تۆمار دەکرێن، تا لە کۆتاییدا پارە رەشەکە بە شێوەی قازانجی شەرعی و یاسایی بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، ئەم پرۆسەیە نەک تەنیا متمانەی گشتی و کەرتی کولتووری راستەقینە وێران دەکات، بەڵکو وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و لادانی سەرنج لە کێشە بنەڕەتییەکان وەک نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی سیستماتیک بەکاردێت.

سەرەنجام

دیاردەی سپیکردنەوەی پارە دیارەدەیەکی بەربڵاوی هەرێمە کوردستانە ، ئەم دیاردەیە لە رێگەی چەندین کەناڵی جیاوازەوە،  سپیکردنەوەی پارە گورزێکی کوشندە لە هێزی بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان دەوەشێنێت؛ چونکە لە رێگەی دروستکردنی هەڵاوسانی دەستکرد لە نرخەکاندا  میکانیزمەکانی بازاڕی ئازاد دەشێوێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە متمانەی بانکە نێودەوڵەتییەکان بە ژینگەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی پەکدەخات، کە ئەمەش لە داهاتوودا مەترسی گۆشەگیریی دارایی و سستبوونی درێژخایەنی گەشەی ئابووری  حەتمی دەکات.   بۆیە، ئاسۆی داهاتووی دارایی هەرێم بەندە بە  سەپاندنی چاودێریی توند بەسەر کەرتی عەقارات و کۆمپانیاکانی حەواڵە و هەموو ئەو رێگەیانەی دەکرێت سەرچاوە بن بۆ سپیکردنەوەی پارە،  ئەمەش تەنها لە رێگەی جێبەجێکردنی پێوەرە جیهانییەکانی شەفافییەت  و لێپرسینەوە و چاودێری.