
راپۆرتە ئەمریکییەکان دەڵێن مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای ئەوەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران هیچ پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینی، داوای لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندەکەی کردووە بە خێرایی نیویۆرک جێبهێڵن؛ بەڵام نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم گێڕانەوەیان رەتکردووەتەوە و دەڵێن گەڕانەوەی شاندەکە لەپێشدا پلانی بۆ دانرابوو.
بەپێی راپۆرتێکی ئەکسیۆس، بەرپرسێکی ئەمریکی وتوویەتی دووشەممە، دوای ئەوەی گفتوگۆکان گەیشتە بنبەست، نوێنەرایەتی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە نوێنەرایەتی ئێرانی راگەیاندووە کە عێراقچی و شاندەکەی دەبێت دەستبەجێ نیویۆرک جێبهێڵن. ئەو بەرپرسە وتوویەتی کۆبوونەوە باڵاکانی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتاییان هاتبوو و کاتی ئەوە بوو بڕۆنەوە.
ئاسۆشیەیتد پرێس-یش بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی ئەمریکی راپۆرتی داوە کە روبیۆ داوای کردووە شاندەکە زووتر لەو کاتەی خۆیان پلانیان بۆ دانابوو نیویۆرک جێبهێڵێت.
بەڵام نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم بانگەشەیەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە شاندی ئێران دووشەممە ئێوارە بەپێی بەرنامەی دیاریکراو نیویۆرکی جێهێشتووە و ئەو بەرنامەیە پێشتر لە ١٧ی ئەیلوول بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەنرابوو. نوێنەرایەتی ئێران راپۆرتی دەرکردنی شاندەکەی بە “بێبنەما و بێبایەخ” ناوبردووە.
لە هەمان کاتدا، میدیای ئێرانی پێش بڵاوکردنەوەی راپۆرتی ئەکسیۆس-یش ئاماژەیان بە بەرنامەی گەڕانەوەی عێراقچی کردبوو. میهر نیوز رایگەیاندووە کە سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی ئێران وتوویەتی دوای تەواوکردنی بەرنامە دیاریکراوەکانی، عێراقچی سێشەممە دەگەڕێتەوە و هیچ خولی نوێی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لە بەرنامەدا نییە.