
لە قووڵایی چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا، شەڕێکی بێدەنگ لە ئارادایە؛ شەڕێک لە نێوان چەند پاسەوانێکی ماندووی ژینگە و تەکنەلۆژیای کوشندەی ئەو راوچییانەی کە رۆژ لەدوای رۆژ گیانی ئاژەڵە کێوییەکان دەستێنن. کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵی لە هەرێمی کوردستان چیتر تەنها لەدەستدانی چەند سەرە ئاژەڵ و باڵندەیەک نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داڕمانی تەواوەتیی ئەو هاوسەنگییە ژینگەییەی کە دارستان، کشتوکاڵ و تەنانەت ژیانی مرۆڤیشی لەسەر وەستاوە.
برینێکی قووڵ لە دڵی سروشتدا
بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، نەمانی گیانەوەرە راوکەرە گەورەکان و ئاژەڵە کێوییەکان دەبێتە هۆی زنجیرە کارەساتێکی وێرانکەر. لە کوردستان ئەم دیاردەیە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت؛ کەمبوونەوەی توندی پڵنگ و گورگەکان ژمارەی بەرازی کێویی لە دەشت و کوێستانەکاندا بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر زیادکردووە، ئەمەش ساڵانە زیانی ملیۆنان دۆلار بە کێڵگەی جووتیاران دەگەیەنێت. لە لایەکی ترەوە، بێبەشبوونی دارستانەکان لە باڵندەی قژاکە و سمۆرەکان وادەکات تۆوی بەڕوو لە ژێر خاکدا نەشاردرێتەوە و دارستانەکان توانای نوێبوونەوەی سروشتییان لەدەست بدەن. هاوکات کەمبوونەوەی کەلاکخۆرەکانی وەک داڵ و کەمتیار، بووەتە هۆی مانەوەی لاشەی مردارەوە بووی ئاژەڵان لە سروشتدا و سەرهەڵدانی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان بۆئاژەڵ و مرۆڤ.
لە بارزانەوە تا چیای بەمۆ؛ سەنگەری ناوچە پارێزراوەکان
هەرچەندە یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ی ژینگەی کوردستان سزای تا ئاستی بەندکردن و پێبژاردنی دەیان ملیۆن دیناری بۆ راوکردنی ئاژەڵە دەگمەنەکان دیاریکردووە، بەڵام جێبەجێکردنی لە مەیداندا بە کۆمەڵێک بەربەستی گەورە دەورە دراوە.
لە نێو ئەم دۆخە نالەبارەدا، هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ناوچەی پارێزراو بوونەتە تاکە ئومێد. ناوچەی پارێزراوی بارزان وەک نموونەیەکی دەگمەنە لە تەواوی عێراقدا، کە تێیدا عورف و هۆشیاریی توندی کۆمەڵایەتی سەلماندوویەتی کە گەورەترین چەک بۆ پاراستنی ژینگە باوەڕی خەڵکەکەیەتی، تا ئەو رادەیەی کەڵە کێوی بە ئازادی لە تەنیشت گوندنشینەکاندا دەسووڕێنەوە. لە تەنیشت ئەوەشدا، هەوڵە فەرمییەکان بۆ ناساندنی پارکی نیشتمانیی هەڵگورد–سەکران، چیای بەمۆ لە گەرمیان، و پارێزراوی قەرەداغ وەک پەناگەی مێژوویی پڵنگ و کەڵەکێوی، هەنگاوێکی گرنگن بەڵام هێشتا رووبەڕووی شەپۆلێکی مەترسیداری دەستدرێژی دەبنەوەو راوچییە بێویژدانەکان ئەو سنوورە قەدەغەکراوانەش دەبەزێنن.
یاسایەک لەسەر کاغەز و شەڕێکی نایەکسان لە شاخ
لە کاتێکدا ئەندامانی پۆلیسی دارستان و ژینگە بە کڵاشینکۆفێکی سادە و کەمیی سووتەمەنی و لە نێو زەوییە مینڕێژکراوەکانی جەنگدا بە پێ شاخە سەختەکان دەپێون، راوچییە نایاساییەکان بە چەکی قەناسی پێشکەوتوو، دووربینی گەرمیبین (حراری) و کامێرای شەوبین و تەنانەت درۆنەوە سەرقاڵی کارەکانیانن. ئەم بەریەککەوتنە زۆرجار رەهەندی خوێناوی وەرگرتووە و چەندین پۆلیسی دارستان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا شەهید و بریندار بوون، لە کاتێکدا دەستێوەردانی کۆمەڵایەتی و سیاسی (واستە) بەردەوام هەوڵی بێبەهاکردنی سزاکان و ئازادکردنی سەرپێچیکاران دەدات.
ساتەوەختی بڕیار
سروشتی کوردستان چیتر توانای بەرگەگرتنی ئەم هەڵمەتە راوە بێبەزەییانەی نەماوە. ئەگەر پۆلیسی دارستان بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن، دووربینی شەوانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) پڕچەک نەکرێت، و ئەگەر یاسا بێ جیاوازی بەسەر سەرپێچیکاراندا نەسەپێنرێت، چیاکانی کوردستان لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دەبنە کۆمەڵەشاخێکی بێدەنگ و رووتەن، کە تیایدا نە دەنگی کەو دەبیسترێت و نە سێبەری کەڵەکێوی لەسەر تاشەبەردەکان بەدی دەکرێت.