عەلی زەیدی: چەک لە گرووپە چەکدارە ناعێراقییەکان دادەماڵین

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی هاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەی راگەیاند و کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی پشتڕاستکردەوە.

زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت لەسەر بنەمای نەخشەڕێگایەکی دیاریکراو و خشتەیەکی کاتی تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧، کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پرسی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دەکات.

دەشڵێت بەپێی بنەما دەستوورییەکان، حکومەتی فیدراڵی ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ داماڵینی تەواوەتی چەک لە گروپە چەکدارە غەیرە عێراقییەکان لەسەر خاکی وڵات، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و ڕێکخستنەوەی کۆنتڕۆڵی سنوورەکان.

عەلی زەیدی جەختیشی کردەوە کە رێگە بە بەکارهێنانی ئاسمان یان خاکی عێراق نادرێت بۆ دەستپێکردنی هەر هێرشێک دژی وڵاتانی دراوسێ، هەروەها بەکارهێنانی خاکی هیچ وڵاتێک بۆ هێرشکردنە سەر عێراق رەت دەکەنەوە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا کە حکومەت کار دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەری ئاسمانی لە رێگەی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و جێگیرکردنی پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو سیستەمی ئەمنیدا وەک بەشێکی دانەبڕاو لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا.