روانگەی ئیکۆ عێراق : 41% کارەبای عێراق لە رێگەی کڕینەوە دابین دەکرێت

روانگەی “ئیکۆ عێراق” بۆ کاروباری ئابووری، لە راپۆرتێکیدا کە لە بارەی کارەبای عێراق لە ساڵی 2025 بڵاویکردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا رێژەیەکی زۆری کارەبای وڵاتەکە لە دەرەوە و لە رێگەی پرۆژە وەبەرهێنانەکانەوە دابین دەکرێت، هاوکات قەیرانی ئاویش گورزێکی گەورەی لە وێستگە ئاوییەکان وەشاندووە، بە جۆرێک کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی 170 ملیۆن مێگاوات/کاتژمێر.

بەپێی راپۆرتەکە، وێستگە حکومییەکان تەنیا توانیویانە 59%ی کارەبای عێراق بەرهەمبهێنن، لە بەرامبەردا 41%ـی دیکەی کارەبای وڵاتەکە لە رێگەی کڕین لە کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان و هاوردەکردن لە وڵاتانی دراوسێوە دابینکراوە. لە لایەکی ترەوە، بەهۆی کەمئاوی و وشکەساڵییەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگە ئاوییەکان بە ڕێژەی 50.8% کەمی کردووە و لە 3.48 ملیۆن مێگاوات/کاتژمێرەوە دابەزیوە بۆ 1.71 ملیۆن مێگاوات/کاتژمێر.

جگە لەم قەیرانانە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە کارایی بەشێک لە وێستگەکان بۆ خوار 20% دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی چاکسازیی بەردەوام و کەمیی پارچەی یەدەگ، کە وایکردووە چەندین وێستگە و هێڵی گواستنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لەکار بکەون.